ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان: بڕیاری تایبەت بە مووچە بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران دەركرا

 ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان: بڕیاری تایبەت بە مووچە بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران دەركرا


وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان ئاشكرای كرد كە بڕیاری تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دراوە.

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ی ئەنجوومەنی وەزیران، بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە، بڕیار دراوە ٢١٪ی بودجەی وەزارەتەكان بۆ مووچە كەم بكرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەپێی شایستەی دارایی هەر مووچەخۆرێك.

ڕوونیشی كردەوە: ”لە ئەنجوومەنی وەزیران بە یەك تیم كار دەكەین و بڕیارەكان پێكەوە دەدەین“.

لە لایەن خۆیەوە بەهمەن كاكە عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، نووسینێكی بڵاو كردۆتەوە لەبارەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران و ئاماژەی داوە كە بڕیارەكە بەو ئامانجە بووە، ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە، دابەش بكرێت و ”چیتر گوزەرانی مووچەخۆران خراپ نەبێت و لە چاوەڕوانیی زیاتردا نەمێننەوە“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەو بڕە داهاتەی لەبەردەستی حكوومەتدایە، دەتواندرا ٣٤٪ی مووچە ببڕدرێت و پلە تایبەت و باڵاكانیش ٥٠٪یان لێ ببڕدرێت، بەبێ ئەوەی دەستكاریی مووچەی ئەوانە بكرێت كە لە ٣٠٠ هەزار كەمتر وەردەگرن لەگەڵ هەندێك توێژی وەك كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و زیندانییانی سیاسی و خاوەن پێداویستیی تایبەت و چاودێریی كۆمەڵایەتی، بەڵام ”ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا کە سەد ملیون دۆلاریتر قەرز بکرێت، بەم هۆیەشەوە تەنیا ۲۱٪ی بودجەی وەزارەتەكان بۆ مووچە كەم دەكرێتەوە“.

دووپاتیشی كردەوە كە ”ئەم كارە بە ڕەزامەندیی تێكڕای ئەنجوومەنی وەزیران بووە، بۆ ئەوەی مووچەخۆران زیاتر چاوەڕوان نەبن و لە بێ مووچەیی نەمێننەوە“.

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئەوەی وەبیر هەمووان هێناوەتەوە كە بڕیارەكە تەنیا بۆ ئەم مانگەیە، ”بۆ مانگی داهاتوو یاسای چاکسازی دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە و چاوەڕوانین دۆخی دارایی کوردستان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت“.









باسنیوز
Top