وردەكاریی تەقەكردنەكەی شەوی رابردوو لە بارەگای لقی چواری پارتی

وردەكاریی تەقەكردنەكەی شەوی رابردوو لە بارەگای لقی چواری پارتی
كارگێڕێكی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، وردەكاریی تەقەكردنەكەی شەوی رابردووی لە بارەگای لقەكەیان ئاشكرا كرد.

فەرەیدون عەلی، کارگێڕی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویۆتا - کراونی مۆدێل کۆن، کە چەند چەکدارێکی تێدابووە، دەستڕێژی گوللەی تێدا ئاراستەی بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان كراوە و ١٦ فیشەک بەر بارەگاکەمان کەوتووە".

ڕوونیشی كردەوە: ”ئۆتۆمبێلی چەکدارەکان لە کامێرای لقی چوار دەرکەوتووە، بەپێی ئەو فیشەکانەی بەر بارەگاکەمان کەوتووە، دیارە چەکدارەکان بە چەکی جۆری (ئێم فۆڕ) تەقەکانیان کردووە، بەڵام پاسەوانانی لقی چوار، لە بەرامبەر ئەو دەستڕێژی گوللەیەدا کاردانەوایان ھەبووە و دواتر چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵھاتوون".

فەرەیدون عەلی ئاشكرای كرد كە ھێزەکانی پۆلیس ھاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە ھۆکاری تەقەکردنەکە کردوە، بەڵام ”ئێمە پارێزەری خۆمان ھەیە و بڕیارە بەم زوانە سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین".

کارگێڕی لقی چواری پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، ”ئەمە چەندین جارە لە شاری سلێمانی، تەقە لە بارەگاکانی پارتی دەکرێت، بێگومان پاراستنی گیانی کادیرەکانمان و تەواوی بارەگاکانی پارتی، لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەم شارە و دامودەزگا ئەمنییەكاندایە".












باسنیوز



Top