کرماشان.. ژنێکی گەنج لەلایەن باوک و براکەیەوە کوژرا

کرماشان.. ژنێکی گەنج لەلایەن باوک و براکەیەوە کوژرا
ژنێکی دووگیانی خەڵکی کرماشان بەدەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆی کوژرا و هیچ یەک لە بکوژەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراون.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەرکانی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە 2020.6.18 ژنێکی دووگیانی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی "سومەیە فەتحی" بەدەستی باوک، برا و باقی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە کرماشان کوژراوە.

سومەیە فەتحی، خەڵکی گوندی "قەڵا زەنجیر"ی سەر بە شاری داڵاهۆ و دانیشتووی گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی کرماشان بووە و هەر لەوێش لەلایەن بکوژەکانەوە ناچار بە خواردنی حەب کراوە و گیانی لەدەست داوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سومەیە خێزاندار و دووگیان بووە و لەژێر ناوی نامووس و پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکە کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕای گەیاند کە، بنەماڵەی سومەیە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان بۆ نەگرتووە و هیچ یەک لە بکوژەکانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر نەکراون.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە ناوچەکانی باکووری ئێران، کرمان، ئابادان (دوو حاڵەت) ئەمە پێنجەمین حاڵەتی کوژرانی ژن و کچە کە لەلایەن بنەماڵەکانەوە لەژیر ناوی نامووسدا ڕوویان داوە.











باسنيوز




Top