بەشیر حەداد چەند راستییەک بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات

بەشیر حەداد چەند راستییەک بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چەند راستییەک بۆ رای گشتی لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 20-6-2020، نووسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەڵامی پەرلەمانتارێکی داوەتەوە، گوایە حەداد رێگری لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان، کردووە.

لە راگەیەندراوێکدا، نووسینگەی بەشیر حەداد ”چەند راستییەک“ بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە ئەو پەرلەمانتارە، ”وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی درۆیەکی شاخداری هەڵبەستووە“.

دەقی ئەو خاڵانەی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردوون:

یەکەم: قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە سەرلەبەری دوورە لە راستی و بەهیچ شێویەک و لەلایەن هیچ پەرلەمانتارێکەوە داواکاری بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر ئەو بابەتە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.

دووەم: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەو پەلامار و هێرشانەی سوپای تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئیدانە کردووە و بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقی داناوە و داواشی کردووە بە زوترین کات حکومەتی فیدراڵ داوا لە تورکیا بکات ئەو هێرشانە را بگرێت.

سێیەم: ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی تووشبوونی چەند پەرلەمانتارێکەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبوونەوەکانی خۆی راگرتووە و کۆبوونەوە ئەنجام نادات.

چوارەم: تاوەکو ئێستا ئەم بەڕێزەمان نەبینیوە لەناو ھۆڵی پەرلەمان یان میدیایەکی عەرەبی و عێراقی داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات و تەنیا پاڵەوانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و چەند کەناڵێکی لۆکاڵییە.

پێنجەم: وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وەزیرەکەی کوردە و لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دووجار بانگهێشتى باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کردووە و نامەی ناڕەزایی پێداوە و بۆ ھەمان مەبەست بانگھێشتی باڵیۆزی ئێرانیشی کردووە.

شەشەم: ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بگرینەبەر و داوای یاسایی لەسەر تۆمار بکەین، چونکە ئەوە چەندەمین جارە درۆ و قسەی ناراست بە دەمی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەڵدەبەستێت .











باسنیوز


Top