ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
كەمێك پێش ئێستا د.جوتیار عادل گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.


لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنوورییەکان دەکەین، کە بووه هۆی گەياندنى زیانى گیانی و ماددى بە هاووڵاتییانی سڤیل و گوندنشینانى ئەو ناوچانە".

گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "حكوومەتى هەرێمى كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان دەکات لەلایەن هەر لایەنێک و بە هەر هۆکارێک بێت. داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین ڕێز له سەروەری خاك و نيشتيمانمان بگرێت و پەکەکەش پێویستە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات تا چیتر نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنى پشێوى لە ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان".


دەشڵێ "حکوومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک. لێرەشەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیواى چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین".










باسنيوز
Top