کەسوکاری منداڵێکی کوچکردوو هێرش دەکەنە سەر نەخۆشخانەی کفری و زیانێکی زۆری پێ دەگەیەنن
سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧/٦/٢٠٢٠ ژمارەیەک کەسووکاری ئەو منداڵەی پێش چەند ڕۆژێک بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا، هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکە و زەرەر و زیانێکی زۆریان پێ گەیاندووە".
گوتیشی: "بەهۆی ڕووداوەکەوە شووشەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنجەرەکانی نەخۆشخانە و جامی ئامبوڵانسی نەخۆشخانەکە شکێنراوە لەگەڵ ژمارەیەک ئامێری پزیشکی و قەرەوێڵەی کارەبایی و کورسیی خاوەن پێداویستیی تایبەت".
ئاماژەی بەوەش دا: "هێرشکەرەکان ئافرەت و پیاویشیان تێدا بووە و لە دیوارەوە هاتوونەتە ناو نەخۆشخانەکە و دەرگایان کردووەتەوە و بەو شێوەیه چوونەتە ژوورەوە و ئەو دۆخەیان خوڵقاندووە و پاسەوانی نەخۆشخانەش نەیانتوانیوە پێشیان پێ بگرن".
ڕوونیشی کردەوە: "سکاڵا لەسەر هێرشکەرەکان تۆمار کراوە و تۆماری کامێراکانی چاودێری دراوەتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ناسینەوەیان و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە".
ئاشکراشی کرد: "ڕووداوەکە لەکاتێکدایە کە پزیشکیان بایکۆتی داوامیان کردووە و ئەوەی لە توانای کارمەندانی تەندروستیدا بێت لە نەخۆشخانەکە بۆ ئەو منداڵە کراوە و ئینجا لە نەخۆشخانە دەرکراوە، گیان لەدەستدانەکەشی لە دەرەوەی نەخۆشخانە بووە".
باسنیوز
