ئەنەكەسە و تەڤدەم ڕێككەوتنی دهۆك بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی دەكەنە بنەمای گفتوگۆكانیان
ئەمڕۆ لە راگەیاندراوێكی هاوبەشدا كە كەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە: ”حزبەكانی ئەنەكەسە و تەڤدەم دوێنێ سێشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبوونەتەوە و قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی یەكڕیزیی كوردیان تەواو كردووە و گەیشتوونەتە تێڕوانینێكی سیاسییانەی هاوبەشی مولزەم و لێكتێگەیشتنێكی سەرەتایی“.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە “رێککەوتنی دهۆکی ساڵی 2014ی سەبارەت بە دەسەڵات و هاوبەشیی لە ئیدارە و پارێزگاری و بەرگری، بە بنەما دانا بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستانی ئێستای نێوان هەردوو شاندەکە، بە ئامانجی گەیشتن بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر لە داهاتووییەکی نزیکدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە “هەردوو شاندەکە جەختیان لەسەر گرنگیی هاوکاری و یەکێتیی کورد لە سووریا کردووە، پێشوازییشیان کردووە لەم دەسکەوتە، وەک هەنگاوێکی مێژوویی گرنگ بەرەو تێگەیشتنی گەورەتر و هاوکاریی کردەیی، کە سوودی گەلی کوردی لە سووریا، هەروەها سوورییەکان لە گشت پێکهاتەکان تێدایە”.
راگەیاندراوەکە تیشکیشی خستووەتە سەر “هەردوو شاندەکە کارەکانیان تەرخان کرد وەک وەفایەک بۆ ئەو قوربانییە گەورەیەی کوڕان و کچانی سووریا بەخشییان، بەتایبەت بۆ شەهیدان و بریندارانی رۆژئاوای کوردستان و خانەوادەکانیان، کە گیانی خۆیان لە جەنگێکی شەرافەتمەندانەدا بەخشی، بۆ پاراستنی جیهان لە ستەمکاریی داعش”.
هەروەها هاتووە “ئەو لێکتێگەیشتنانە هەنگاوی سەرەتایی گرنگن، کە بە چاودێریی و یارمەتیی جێگری نێردەی ئەمەریکی، تایبەت بە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی، بالوێز (ویلیام روباک) و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەنەڕاڵ (مەزڵووم عەبدی) پێی گەیشتوون”.
دەریشی دەخا “هەردوو شاندەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی دەربڕی، بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ یەکێتیی کوردان لە سووریا، هەروەها بۆ فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک نێچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ پشتیوانی و هەوڵەکانیان لەپێناو یەکێتیی کوردان لە سووریا”.
لە راگەیاندراوەکەدا “سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کردووە، بۆ پاراستن و پشتیوانیی بەهێزی بۆ یەکێتیی کوردان، هەروەها بۆ پشتیوانیی لە بەدیهێنانی دواڕۆژێکی زیاتر دیموکرات بۆ سووریا و فرەیی، کە رێز لە مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بگیرێ”.
رۆژی سێشەمە، سەرچاوەیەکی کوردی سووریی ئاگادار بۆ (باسنیوز) دووپاتی کردەوە، کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریا ENKS و پارتی یەکێتیی دیموکراتی PYD گەیشتوونەتە تێگەیشتنی نوێ، بەهۆیەوە قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان لەماوەی ئەم دوو رۆژەی داهاتوودا دەست پێدەکەن.
باسنیوز
