نووسەرێكی كورد: لە ١٩٨٣وە سوپای توركیا سنوور دەبەزێنێت و هیچ كات ناهێندرێت بەڵكوو خۆی دێت

نووسەرێكی كورد: لە ١٩٨٣وە سوپای توركیا سنوور دەبەزێنێت و هیچ كات ناهێندرێت بەڵكوو خۆی دێت
نووسەرێكی ناسراوی كورد رای گەیاند كە سوپای توركیا لە ساڵی ١٩٨٣وە هێرش دەكاتە سەر سنوورەكانی كوردستان لەنێو دەوڵەتی عێراقدا و سوپاكەش ناهێندرێت، بەڵكوو “خۆی بە تۆپزی دەچێتە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا”.
بەكر شوانی، نووسەری ناسراوی كورد نووسیویەتی: “لە ناو هەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتانی لیبیا و سووریا و عێراق لە بەرەی دژ بە تورکیادان، عێراق لاوازتریانە و لەویش لاوازتر، هەرێمی کوردستان و حزبەكانیەتی. بە درێژایی مێژووی کۆماری تورک، هیچ لایەن و دەوڵەتێک بانگهێشتنامەی بۆ سوپای تورک نەناردووە، بەڵکو دەوڵەتی تورک بێ ویست و داخوازیی لایەنەكانی بەرامبەر و بە تۆپزی، سوپای بۆ دەرەوەی سنوور ناردووە و دەنێرێت”.
جەختیشی كردووەتەوە: “تورکیا لە ١٩٨٣وە سنوور دەبەزێنێت و تا ئێستا زیاد لە ٣٠ جار هێرشی گەورەی کردووەتە سەر باشوور، بەڵام هیچ جارێک دەستکەوتی نەبووە و ئەمجارەیش نایبێت”.
هاوكات پێیوایە كە ئەردۆگان چاوی لە دەستکەوتی سەربازی نییە، بەڵکو بە دوای دەستکەوتی سیاسییەوەیە و پێویستی بە شەڕ و پەشێوییە بۆ مسۆگەرکردنی دەسەڵاتەکەی کە لەوەیشدا زۆر پێویستی بە پشتیوانیی و درێژەپێدانی هاوپەیمانییە لەگەڵ پارتی ڕەگەزپەرستی (مەهەپە) و دۆخەکەیش تەواو بەپێی ویست و داخوازیی ئەو پارتە و جەماوەرەکەیەتی.
بەكر شوانی دەڵێت: “تورکیا/ئەردۆگان بێ پشتیوانیی ئەمریکا، ناتوانێت لە دەرەوەی سنوور جووڵە بکات، بۆیە ئەوەی لە سووریا و لیبیا دەیکات، بە ڕەزامەندیی ئەمریکایە، بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێزە لە بەرامبەر ڕووسیا لەو دوو وڵاتە. لە باشووری كوردستانیش جووڵەکانی تورکیا هەر بە ڕەزامەندیی ئەمریکایە و بۆ چاوسوورکردنەوەیە لە ئێران و گرووپە شیعییە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران”.
دووپاتیشی كردووەتەوە كە دەرکردنی بەیاننامە و داواکردن لە تورکیا بۆ ڕێزگرتن لە سنوور، “زمانێکە دەوڵەتی تورک لێی تێ ناگات. چارەسەر ئەوەیە لایەنەکانی کوردستان هەوڵ بدەن بە یەکگرتوویی لە ڕێی ئەمریکاوە پەیام بۆ تورکیا بنێرن!”.












باسنيوز



Top