هێمن هەورامی : دوای تەواو بوونی کەرەنتینە، کۆبونەوەی پەڕلەمان دەست پێدەکاتەوە

هێمن هەورامی : دوای تەواو بوونی کەرەنتینە، کۆبونەوەی پەڕلەمان دەست پێدەکاتەوە

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی نووسیویەتی: دوای تەواوبوونی کەرەنتینەی پەرلەمان کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە و رایدەگەێنێت ھیچ کەس و لایەنێک بە دەربڕینی ڕا و نوسین ناتوانێ بریاری تەشریعی پەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە.
هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند بڕیاری ژمارە چواری پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی بە پێی ماددە ٢٤ ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و لە دانیشتنی رۆژی ٧ ی ٥ ی ٢٠٢٠ بە دەنگی ٥٧ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بریاری لێدراوەو لە وەقایعی کوردستان کە رۆژنامەی فەرمی ھەرێمی کوردستانە ژمارە ٢٥٠ بلاوکراوەتەوە. هێمن هەورامی باسی لەوەش کردووە، پاش ئەم بڕیارە دەسەلاتی دادوەری و دادگا دەستی بە رێکارە دادیەکانی خۆی کردوە و ھیچ کەس و لایەنێک بە دەربڕینی ڕا و نوسین ناتوانێ بریاری تەشریعی پەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە تاکە رێگای یاسایی و پەیرەوی ئەوەیە بە ھەمان رێکار، لە دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان بێت و دەسەلاتی پەرلەمان لە سەروو دەسەلاتی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمانەوەیە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی کۆبوونووەکانی پەرلەمان دەڵێت، پاش تۆمار کردنی چەند کەیسێکی پۆزەتیڤی کۆرۆنا لە پەرلەمان، بە پێی رێککارە تەندروستیەکان ناچار بووین بۆ ماوەی چواردە رۆژ کارەکان رابگرین و ئەندامە بەرێزەکانی پەرلەمان و کارمەندان، دەوامی پەرلەمان و نوسینگەکان نەکەن. لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی کارنامەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونوەکانی پەرلەمان هەورامی رایگەیاندوە پشتیوان بە خودا، دوای کۆتایی ئەو ماوەیە دەبێت دەست بە دانیشتن و کارەکانی پەرلەمان بکرێتەوە و چەندین بابەتی گرنگی وەک دۆخی تەندروستی ھەرێم و دۆخی دارایی و قەرزەکانی سەر ھەرێم و دۆخی ناوچە کوردستانیەکان و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و رێگریەکانی بەردەمی و دۆخی خاڵە سنوریەکان، پرسی دانوستانەکان لەگەل حکومەتی ئیتیحادی بە ئامادە بوونی وەزیر و لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت. ئاشکراشی کردووە، لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان و ژمارەی یاسایی ئەندامە بەرێزەکان بە پێی ماددەی ٦٦ ی پەیڕەو داوایان پێشکەشکردوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی.
لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونوەکانیش جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەییان دەربڕیوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاتی دانیشتنەکان دیاری بکەین .لای ئێمەوە ھیچ بیانوو بەربەستێک نابینین بۆ ئەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەکرێت و پەرلەمان بە ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆی ھەڵنەستێ.
Top