وەزیری دارایی: گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێككەوتن
ئەمڕۆ یەكشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە میانی پێشوازیكردنی لە هاكان كراچای، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان، رای گەیاند: ”ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی مێژووییمان هەیە لەگەڵ توركیادا. دەمانەوێ لە ڕووی ئابوورییەوە پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین و پێشوازی دەكەین لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا، بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا، چونكە لە هەرێمدا ژینگەیەكی باشی وەبەرهێنان ھەیە لەسەرجەم کەرتە ئابورییەکاندا“.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رای گەیاند: ”قووڵایی ستراتیجیی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بەغدا بووە، بۆیە دەمانەوێ گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ڕیشەوە چارەسەر بكەین، گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە ڕێككەوتن“.
باسنيوز
