وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی تاوانەکەی داعش لە خانەقین ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، هاتووە: "بە چەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بە زووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە و ب ەیەکەوە لەڕێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی ٦ی٢٠٢٠ گرووپێکی چەکداری سەر بە تیرۆریستانی داعش هەڵدەکوتنە سەر گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای خانەقین و بەداخەوە، حەوت کەس لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەهیدەکەن و پێنجی دیکەش بریندار دەکەن.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە توندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لە هێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەر و ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان.
لەماوەی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و مەترسیی ئەو فەراغە ئەمنیەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقیمان خستۆتە ڕوو.
بە چەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بە زووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکان پارێزراو بێت.
بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گرووپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە.
بۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە رۆڵەکانمان دەبێت و بە توندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە.
هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
باسنيوز
