شێخ جەعفەر: ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بێ داعش شەڕ دەباتە ناو خانەقین

شێخ جەعفەر: ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بێ داعش شەڕ دەباتە ناو خانەقین
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین پێیوایە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە جاری داهاتوودا، هێرش دەکەنە سەر شاری خانەقین.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی، رایگەیاند، گوندی میرخاس لە خانەقین نزیکە لە بارەگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.

شێخ جەعفەر مستەفا گومان لەوە دەکات، کە چەکدارانی حەشدی شەعبیش بەشداریی هێرشەکەی چەکدارانی داعشیان بۆ سەر ئەو گوندە و کاکەییەکان، کردبێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی هەروەها رایگەیاند، مادام داعش هێرشی کردە سەر ئەو گوندە، ”دڵنیا بن“ جاری داهاتوو شەڕەکانی دەباتە ناو خانەقین و ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگەش نەگەڕێندرێنەوە، ئەوا بارودۆخی خانەقین، جەلەولا و سەعدییە خراپتر دەبێت.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی خانەقین و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و بەهۆی ناکارایی ئەو میلیشیایانەش، چەکدارانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ و کردە تیرۆریستییەکان لە دژی هاووڵاتییانی کورد، کردووە.










باسنیوز


Top