فرسەت سۆفی: ئەوانەی دژی چاكسازین لە هەموو كاتێك زیاتر لە مەترسیدان بۆیە یارییەكیان دەست پێكردووە
پارێزگاری هەولێر یارییەكی ئەوانەی كە ترسیان لە لەدەستدانی ئەو شتانە هەیە كە لەسەر دزی و كاری نارەوا و قاچاخچێتی بەدەستیان هێناوە، ئاشكرا دەكات و هۆشداری بە خەڵكی كوردستان دەدات كە ئەوانە دەیانەوێت خەیاڵیان پەرت بكەن.
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وتارێكی بە ناونیشانی (قەیران وەک دەرفەتێک بۆ ریفۆرم و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: ”لە ساڵی ٢٠١٨، کاتێک یاسای چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی تێپەڕی، هەڵمەتێکی نارەزایی دژی یاساکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکرد، بە بەهانەی خانەنشینیی پلە تایبەتەکان، هەر بۆیەش یاساکە لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمان واژووی لە سەر نەکرا و گەڕێندرایەوە کە ئەو کات گەڕاندنەوەی یاساکان لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو بەپێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم. ئەوکات لە پەرلەمان بووم و یەکێک بووم لەوانەی زۆر هەوڵمان دا یاساکە تێپەڕ بکەن و هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، چونکە زانیاری دروستم هەبوو کەسانێک کە دەیان بندیوار و مووچەی نایاساییان هەبوو، لۆبیان دەکرد بۆ تێپەڕنەبوونی یاساکە و مەکینەی پەیجە ساختەکانیان خستبووە گەڕ، لە کۆتایشدا سەرکەوتن و دوو ساڵ پرۆسەکەیان دواخست“.
باسیشی لەوە كردووە كە كاتێك لە ٢٠٢٠ یاساکە تێپەڕ بوو، خانەنشینیی پلە باڵاکانی هەڵنەوەشاندەوە و بگرە زۆر نزیک بوو لەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠١٨ قەبووڵ نەکرا، بەڵام ”بەرژەوەندیخوازەکان زانییان دەرچواندنی یاساکە ئەمجارە بووەتە واقیع و ناتوانن پێشی لێبگرن، بۆیە تێپەڕی. ئەمجارە دەیانەوێت یارییەک بکەن لە جێبەجێکردنی یاساکە تۆز و خۆڵ و غوبارێک دروست ببێت، تێڕوانینی خەڵک پەرت بکەن. ئەوان لە قۆناغی ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر هەست بە مەترسی دەکەن، چونکە ئەوەی بونیاتیان ناوە لە سەر دزی و کاری نارەوا و نا شەرعی و قاچاخچیەتی، خەریکە لە دەستی دەدەن“.
فرسەت سۆفی هیوای خواستووە، خەڵکی کوردستان پشتیوانی پرۆسەی چاکسازی بكەن دەڵێت: ”نابێ ئەم دەرفەتە لە دەست بدەین. راستە بەرپرسیاریەتیی هەڵە و کەموکوڕییەکان لە ئەستۆی ئێمە دایە (بە تایبەتی پارتی و یەکێتی)، بەڵام هەر خۆشمان دەبێ چاکی بکەین و رۆژێک زووتر هەنگاوی بۆ بنێین باشترە و دەست بکەین بە ریفۆرمێکی سەرتاسەری و گشتگیر“.
جەختیشی كردووەتەوە: ”ئومێدم وایە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت وەزیری دارایی و هەموو کاراکتەرەکانی دیکەی حوکمڕانی بەیەکەوە رووبەڕووی تەحەدیاتەکان ببنەوە و ئێمەش بە هەموو توانامانەوە لە گەڵتانین و دڵنیام ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەش تێدەپەڕێنین و کوردستان سەلامەت و پارێزراو دەبێت“.
پارێزگاری هەولێر باسی لە پشتیوانییەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و نووسیویەتی: ”لە ماوەی نزیکەی نۆ مانگی کارکردنم لە پارێزگای ھەولێر، ئیرادەیەکی پاک و دڵسۆزانە لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بەدی دەکەم و ھیوای گەورەم لە سەر ھەڵچنیوە، ئەم ئیرادەیە پێویستی بە پشتیوانیی ھەموومانە تا داری خۆزگەی ھەموو نیشتمانپەروەرێک بێتە بەر لە سایەی حوكمڕانییەكی رەشید و دادپەروەر کە تێیدا هاووڵاتی میحوەر بێت و حوکمی قانون باڵا دەست بێت“.
باسنيوز
