عەلی قەرەداغی: كەسێك پابەند نەبێت بە مەرجە تەندروستییەكان، لە روی شەرعەوە گوناهبارە

 عەلی قەرەداغی: كەسێك پابەند نەبێت بە مەرجە تەندروستییەكان، لە روی شەرعەوە گوناهبارە
ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان رایدەگەیەنێت، حوكمی شەرعی لەسەر كەسێك كە پابەند نابێت بە مەرجە تەندروستییەكان، ئەوە لە روی شەرعەوە گوناهبارە.

د.عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، "تامەزرۆی گەڕانەوەم بۆ مزگەوتەكان بە هەمان ئاست و هەستی نەخۆشێك كە تامەزرۆیە شیفای بۆ بێت، بێتاقەتم بۆ نوێژی جومعە و جەماعەت هەروەك چۆن قەدی دارخورماكە بێتاقەت بو بە لێكدابڕانی لە پێغەمبەری خۆشەویست (صلی الله علیە وسلم) و تاسەی گەیشتنەوەی بەخزمەتی دەكرد".

داواو داخوازیم پابەندبونی تەواوەتییە بە مەرجە تەندروستییەكان بە مەبەستی پاراستنی گیانی كەسەكان و ئەوانیتریش

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دڵم پڕە بو لە خۆشیی و جەستەم زۆر شاد و ئاسودە بو لە كردنەوەی مزگەوتەكان لە زۆربەی وڵاتاندا، سوپاسی خوای گەورە دەكەم لەسەر ئەو نیعمەتە، هاوكات داواو داخوازیم پابەندبونی تەواوەتییە بە مەرجە تەندروستییەكان بە مەبەستی پاراستنی گیانی كەسەكان و ئەوانیتریش".

د.عەلی قەرەداغی ئەوەشی خستەڕو، "ئەو كەسەی كە پابەند نابێت بە مەرجە تەندروستییەكان، ئەوە لە روی شەرعەوە گوناهبارە، چونكە پێش هەموكەس زیان بە خودی خۆی دەگەیەنێ‌، ئەو ئازاد نیە لە خودی خۆی چونكە موڵكی خوای گەورەیەو هاوكات زیانیش بە كەسانیتر دەگەیەنێ‌، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: ((نە زیان بە خۆت بگەیەنەو نە زیان بە كەسانیتریش بگەیەنە))، بەهەمانشێوە زیان بە كۆمەڵگاكەشی دەگەیەنێ‌، لێكەوتەی ئەمەش رێگریكردنە لە كردنەوەی مزگەوتەكان كە جارێكیتر خوانەكردە روبدات ئەگەر بێت و مسوڵمانان پابەند نەبن بە مەرجە تەندروستییەكان".

پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەكانی تایبەت بەم بەڵا كوشندەیە فەرزێكی شەرعی و زەرورەتێكی تەندروستییە

رونیشیکردوەتەوە، پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەكانی تایبەت بەم بەڵا كوشندەیە فەرزێكی شەرعی و زەرورەتێكی تەندروستییە، هاوكات ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە.

لەبارەی حوكمی شەرعی ئەنجامدانی نوێژی جومعەو نوێژە بە كۆمەڵەكانیتر بە دووركەوتنەوە لەیەك د.عەلی قەرەداغی دەڵێت، "پێشتر فەتوایەكی تێرو تەسەلمان لەوبارەیەوە دەركرد، پوختەكەی ئەمەیە" ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ بە دوركەوتنەوەی نوێژخوێنان (2 مەتر) لەیەكتری لەڕوی شەرعەوە رێگاپێدراوە ئەوەش لەبەر بڵاونەبونەوەی پەتاكەو زیان نەگەیاندنە بە خەڵكی".

ئەوەشی نوسیوە، "هەندێ‌ لە زانایانی پێشینەمان هەمان شتیان وتوە، هەروەها ئەمە حاڵەتێكی كاتییەو بەویستی خوای گەورە بەمنزیكانە كۆتایی دێت، گرنگ ئەوەیە ریزەكان رێكبن و بە جوانی رویان كردبێتە خوای گەورەو كەعبە پیرۆزەكەی، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌: (إنما اڵاعمال بالنیات)".




خةندان
Top