وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی فۆرمێكەوە چەند زانیارییەك لە قوتابيیان وەردەگرێت

وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی فۆرمێكەوە چەند زانیارییەك لە قوتابيیان وەردەگرێت
لە ڕێگەی دابەشكردنی فۆرمێكەوە، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گرنگیدانی زیاتر بە سیستەمی ئەلیكترۆنی، زانیاری لە خانەوادەی قوتابییان وەردەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی تەكنۆلۆژیای زانیاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕێگەی فۆرمێكەوە كە تێیدا لەبارەی بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكانی ئەلیكترۆنی و ئەو جۆرە هێڵە ئینتەرنێتەی كە لە ماڵەوە بەكار دەهێنن چەند پرسیارێك ئاراستەی خانەوادەی قوتابییانی كردووە.

بەپێی ڕێنوێنییه‌كان كە لەگەڵ فۆڕمەكە بۆ قوتابخانەكان نێردراوە، پێویستە لە ڕۆژی پێدانی كارتی نمرەكان بە قوتابییان فۆرمەكە پڕ بكرێتەوە، دواتر لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكانەوە سەرەجەم زانیارییەكان داخڵی سیستەمی ئەلیكترۆنی بكرێت.

زوهێر محمد عەبدوڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی لەوبارەیەوە به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: "مەبەستمان لە دابەشكردنی ئەو فۆرمە تەنیا كۆكردنەوەی كۆمەڵێك ئامارە، كە دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە بزانین تا چەند قوتابییان سوودیان لەو پرۆسەیە وەرگرتووە".

سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیستەمی ئەلیكترۆنی لە ناوەندەكانی خوێندندا، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تا ئێستا چوار هه‌زار و 745 قوتابخانە كار بەو سیستەمە دەكەن و پرۆسەكەش بەردەوامە و بەشێوەیەی زۆر باش بەڕێوە دەچێت".

بۆ بەرەوپێشبردنی بواری پەروەردە و بە سیستەمكردنی سەرجەم كاروبارە كارگێرییەكان لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی ئەلیكترۆنی بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 دەستكرا بەكاركردنی سیستەمی (e-parwarda)، بە گوتەی بەرپرسانی پەروەردەییش ئێستا پرۆسەكە بەشێوەیەكی زۆر سەركەوتوو بەڕێوە دەچێت و ئاسانكارییەكی تەواوی لە پرۆسەی پەروەردەییدا كردووە.









باسنيوز
Top