وەزیرى تەندروستى: 33 توشبوی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکران
وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئهمڕۆ 33 حاڵهتی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تۆماركراون، داوا له هاوڵاتیان دهكهن پابهندی رێنماییهكان بن، چونكه پێشبینی دهكهین ژمارهی توشبوان زیاتر بێت.
د. سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، "لەگەڵ ژمارەیەک لە پزیشکانی پسپۆری جیاواز کە خزمەتیان لە بوارى تەندروستیدا زۆرە، کۆبوینەوە وەک دەستەى پسپۆرى راوێژکارى کە لەسەرجەم پارێزگاکانەوە هاتون، بۆ پێداچونەوە و گفتوگۆی ستراتیژییەتى روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە راوێژى ئەوان گرنگە، چونکە پێشتر نەخۆشی و ڤایرۆرسی کوشندە هەبون، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا جیاوازە چونکە تا ئێستا چارهسهری نیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگى یهكی ئەمساڵ لە کوردستان قۆناغى خۆپارێزی لە ههرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لە مانگى (شوبات/2)دا قۆناغى دوەم و لە مانگى ئازاردا قەدەغەى هاتوچۆ راگەیەنرا.
رێژەى توشبون زیاترە لە چاکبونەوە، ئێستاش پاڵپشتى هەموانى پێویستە بۆ ئەوەى ئەو ڤایرۆسەکە زیاتر تەشەنە نەکات
وەزیرى تەندروستى باسی لەوەشکرد، 70%ى توشبوان لە قۆناغى دوەمى زۆری بەرکەوتەیە، ڕێژەى مردن 2%، ئێستا رێژەى توشبون زیاترە لە چاکبونەوە، ئێستاش پاڵپشتى هەموانى پێویستە بۆ ئەوەى ئەو ڤایرۆسەکە زیاتر تەشەنە نەکات، "ئێمهش مەبەستمان ئەوەیە کە هاوڵاتى خۆی بپارێزێت و تاک پارێزى پەیڕەو بکات، ئهمهش بەشێک دەبێت لە کۆنتڕۆڵى هەمو ئەندامانى خێزان و تەواوى کۆمەڵگا، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان بەردەوام بن لە جێبەجێکردنى ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆپارێزى".
ئەمڕۆش 33 حاڵەتی نوێ تۆمارکراون، پێشبینى دەکەین ئەمڕۆ و رۆژانى داهاتو ژمارەى توشبون زیاتر بێت
رونیشیکردەوە، هەزار و 467 حاڵەتى توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان تۆمارکراون، "ئەمڕۆش 33 حاڵەتی نوێ تۆمارکراون، پێشبینى دەکەین ئەمڕۆ و رۆژانى داهاتو ژمارەى توشبون زیاتر بێت".
خهندان
