حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق دووپات دەكاتەوە

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق دووپات دەكاتەوە
شاندی باڵای دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆ بوونه‌وه‌، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق دووپات كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9/6/2020، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئە‌نجوومە‌نی وەزیران، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا قۆناغی ئامادەكارییەكان بۆ گفتوگۆكردن خرانە‌ بە‌رباس.

لە كۆبوونەوەكەدا كار و ڕ‌اپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكانی شاندی حكوومەتی هەرێمى كوردستانى بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان خرانە بەرباس.

شاندی حكوومە‌تی ھە‌رێمى كوردستان لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا جە‌ختیان له‌وه‌ كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌‌ن بۆ دە‌ستپێكردنە‌وە‌ی گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ بە‌غدا و ڕێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان.

پێشتر شاندی حكوومەتی هەرێمى كوردستان لە كۆتاییەكانی مانگی نیسان و سەرەتای ئایاری 2020، دوو جار سەردانی بەغدایان كردووە، لەو سەردانانەش زنجیرەك كۆبوونەوە لەگەڵ لێژنەی باڵای گفتوگۆی عێراق ئەنجام دران، لە گفتوگۆكانیشدا بناغەیەك بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا دانران كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێ بكەنەوە.










باسنيوز
Top