سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی کارەساتی بۆمبارانی زێوە په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌

سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی کارەساتی بۆمبارانی زێوە په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌
سه‌رۆك بارزانى په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت:"كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9/6/2020، سه‌رۆك بارزانى بۆ ساڵیادی کارەساتی بۆمبارانی زێوە په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر بۆردومانی (ئۆردوگای زێوە) تێدەپەڕێت، لە 9ـی حوزەیرانی 1985ـدا ڕژێمی بەعسی عێراق بە 8 فڕۆكەی سیخۆ ئۆردۆگای بەشێوەیەكی دڕندانە پەنابەرانی زێوەی بۆردومان كرد و ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵی بێ تاوانی شەهید كرد".

سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: "كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت، ڕژێمی بەعس بە ئەنفال و گرتن و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان نەوەستا و تاوانی دڕندانەی زێوەشی ئەنجام دا، هەر كەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت".

له‌ په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "لە هەمانكاتیشدا، خۆڕاگری و قارەمانێتیی پەنابەرانی زێوە و دایكە ئامینا و سەدان نموونەی تری گەلی كورد، پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ ڕێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ و سەرشۆڕ و تێكشكاو دەمێنێتەوە".

سه‌رۆك بارزانى گوتیشى: "لەو یادە دڵتەزێنەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی سەربەرزی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سڵاو بۆ گیانفیدایی و ئازایەتیی گەلی كوردستان".






باسنیوز
Top