پێشنیازی داخستنەوەی مزگەوتەكان دەكرێت
لەبارەی پێشنیازی دووبارە داخستنەوەی مزگەوتەكان بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی لەگەڵ مامۆستایان و زانایانی ئایینی و لیژنەی فەتوا كۆدەبێتەوە. بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانییش دەڵێت، "هەر مزگەوتێك رێنماییە تەندروستییەكانی تێدا جێبەجێنەكرێت دادەخرێت".
ئاكۆ حەسەن، بەڕێوبەری ئەوقافی سلێمانی راگەیاند، كۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتووەتەوە ئاستێکی مەترسیدار، بۆیە رێكارەكانی خۆپارێزی پێویستیان بە پێداچوونەوەیە.
بەڕێوبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، "هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ ئەوقافی گشتیی سلێمانی لەگەڵ مامۆستا و زانایان و لیژنەی فەتوا بۆ تاوتوێکردنی گرتنەبەری رێكاری نوێی خۆپارێزی لە مزگەوتەكاندا كۆدەبێتەوە".
ئاكۆ حەسەن ئەوەیشی خستەڕوو، "ئەو رێنماییانەی پێشتر بۆ مزگەوتەكان دەرچوون، بە تایبەت بۆ نوێژی رۆژانی هەینی، دەبێت وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن. لەوانە دەستنوێژگرتن لە ماڵەوە، بردنی بەرماڵ بۆ مزگەوت، بەكارهێنانی دەستكێش و دەمامک".
پێشتر بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرگای سەرجەم مزگەوتەكان داخران، بەڵام دوای كەمبوونەوەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا مزگەوتەكان كرانەوە و ئێستایش دووبارە باس لە داخستنەوەیان دەكرێتەوە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا نزیكەی هەزار و 700 مزگەوت هەن، تاوەکو ئێستایش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسەکە لەو پارێزگایەدا هەن.
تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەزار و 434 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 542 كەس چاكبوونەتەوە و 28 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
باسنیوز
