دەمیرتاش لە زیندانەوە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپە، بە بۆنەی ساڵیادی 7ـی حوزەیران، لە رێگەی پەیامێکەوە پیرۆزبایی لە ھەدەپە دەکات، ھەروەھا داوا دەکات ھەدەپە بچێتە ناو ھاوپەیمانییەتێکی بوێرانە و کراوە.
لە هەڵبژاردنی 7-6-2015ـی تورکیا، هەدەپە بۆ یەکەمجار توانی بەربەستی %10 ببەزێنێ و 81 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەست هێنا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، ”لە 7ـی حوزەیران هەدەپە توانی سەرکەوێ، ئەمەش نموونەیەکی باشە و دەبێ وانەی لێ وەربگرین بۆ دیموکراتییەکی باش و ئازادی و ژیانێکی خۆش بۆ ھاووڵاتییان“.
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ھەڵبژاردنی 7ـی حوزەیرانی بە خەباتێکی لە ”رادەبەدەر گرنگ“ ناو بردووە و رایگەیاندووە، ”سڵاو بۆ ھەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە سەرکەوتنە ھەبووە دەنێرم، کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئاکەپە بۆ ناشیرین نیشاندانی هەدەپە و رێگرتن لە سەرکەوتنی، بەڵام ئێمە ھەر سەرکەوتنین و بردمانەوە“.
دەمیرتاش لە رۆژی 4-11-2016ـەوە بە تۆمەتی پروپاگندەکردن بۆ تیرۆر و هاندانی خەڵکی بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی تورکیا، لە گرتووخانەی ئێدیرنا زیندانی کراوە.
باسنيوز
