هۆشیار سیوه‌یلی: گرنگە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا هەبێ

 هۆشیار سیوه‌یلی: گرنگە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا هەبێ


به‌رپرسی پەیوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، گرنگە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا هەبێت و بۆ ئەمەش یەکڕیزیی کورد بە پێویست دەزانێت.

هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی پەیوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمریکا و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا دوو ڕێککەوتننامەیان مۆر کرد، ڕێککەوتننامەیەک دەربارەی خشتەی کاتیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ڕێکەتنامەیەکیش دەربارەی پەیوەندی و هاوکاریی ستراتیژی لە نێوان هەردوولادا. ڕێکەتنامەی یەکەم لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی هات. ئەوەی دووەمیشیان کە پێی دەگوترێت ڕیککەوتننامەی ستراتیژی، بەردەوامە“.

ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو دۆخەی هەردوو ڕێککەوتننامەی تێدا ئیمزا کرا، جیاوازە لە ئێستا و ‌پێگەی عێراق لاوازترە، هەڵوێست و بۆچوونی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوسا و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا جیاوازە. ئەمە جگە لەوەی کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر عێراق و ڕەوتی گفتوگۆکان وەک پێشتر نییە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە".

هۆشیار سیوەیلی بە گرنگی دەزانێت، هەرێمی کوردستان بتوانێت کاریگەری لەسەر دانوستانەکان و ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەبێت، ”ئەگەر ئاماژەدان بە داهاتووی هەرێمی کوردستان زەحمەت بێت، ئەوا دەکرێت بە لایەنی کەمەوە لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر مافە دەستوورییەکانی کورد لەنێو ڕێککەوتننامەکەدا و گرنگیی جێبەجێکردنیان، تاڕادەیەک پێگەی هەرێمی کوردستان و پابەندیی عێراق بە جێبەجێکردنی دەستوور، بەهێزتر دەکات".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە گرنگ دەزانێت وەک لایەنێکی سەرپەرشتیاری گفتوگۆکان، بەڵام ”بەبێ گوشارێکی سیاسی و میدیایی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، ڕەنگە وەزیری دەرەوەی عێراق کە کورد دەبێت، نەتوانێت زۆر داکۆکی لە هەرێمی کوردستان بکات“. بۆیە داوای کرد، تیمێکی شارەزا بەرپرسیارێتیی ئەم دۆسیەیە لە ئەستۆ بگرن و نوێنەرانی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداری بکەن، ”بۆ ئەمەش گرنگە لایەنە سیاسییەکان کۆک و تەبا بن و بەرژەوەندی و داهاتووی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکانیانەوە“.







باسنيوز
Top