گوڵاڵە.. باوكی سێ برا كوژراوەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا

گوڵاڵە.. باوكی سێ برا كوژراوەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا
باوكی سێ برا كوژراوەكەی گوندی (ئیسڵاح) ی سەر بەشارەدێی گوڵاڵە, پاش تێپەڕبوونی چەند كاتژمێر بەسەر برینداربوونی, كەمێك پێش ئێستا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

خەلیا خوداداد، بەرپرسی كۆمیتەی گوڵاڵەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ڕایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا باوكی 3 برا كوژراوەكەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 4/6/2020ی گوندی (ئیسڵاح) ی سەربەشارەدێی گوڵاڵە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا".

گوتیشی: "ڕووداوەكە لە كاتێكدا ڕووی دا كە باوك و سێ كوڕەكەی لە باخەكەی خۆیاندا بوون و لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی داعشەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە".

بەپێی زانیارییەكان كوژراوەكان بریتین لە (حوسێن ئیسماعیل ـ باوك، ڕافد حوسێن ئیسماعیل، فازڵ حوسێن ئیسماعیل و ئەحمەد حوسێن ئیسماعیل).

شارەدێی گوڵاڵە یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە دووریی 30 كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای قەزای خانەقین هەڵکەوتووە، لە پاش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دۆسیەی ئەمنی شارەدێكە كەوتە دەست هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و لەو كاتەوە تائێستا ژمارەی كردەوە تیرۆریستییەكانی سنووری شارەدێكە ڕۆژ دوای لە زیادبووندان.












باسنیوز



Top