ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: ئێستا هیچ هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەکە نییە
كامەران كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "ئێستا بابەتی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی هاتووەتە پێشەوە، هەروەها بابەتی رێككەوتنی ستراتیژیش لە ئارایە لەگەڵ ئەمریكا لە عێراق، هەموو ئەو سیناریۆانەش كە لە داهاتوودا ڕابردوودا كراوە و ئێستاش هەر كاری لە سەر دەكەن بۆ داگیركردنی خاكی كوردستانە ئەوەتا دەبینین كە ناوچە دابڕاوەكان چۆن ئێستا داگیر كراوە و دۆخەكەی نالەبارە و حكوومەتی عێراقی ئامادەی ئاساییكردنەوەی دۆخەكەی نییە".
گوتیشی: "هەر هەوڵێك بەم بارودۆخەی ئێستای عێراقەوە بدرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی تر سەركەوتوو نابێ، چونكە هێشتا عەرەبی شۆڤێنی لە عێراق بیركردنەوەیان خراپە، بۆیە دەبێت كورد ناوماڵی خۆی رێك بخاتەوە و بەرنامەیەك دابنێت بۆ داهاتوو كاری لەسەر بكات كە چۆن دۆخی ناجێگیری ناوچە دابڕاوەكان لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەو باشی ببات".
بەشێك لە چاودێرانی دۆخی كەركووك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەم بارودۆخەی ئێستا عێراق كە لەلایەك هێشتا ناوە ناوە خۆپیشاندان لەدژی حكوومەت دەكرێ، وێڕای گۆڕینی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و لەلایەكی تر قەیرانی دارایی و هەروەها بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا هیچ هەوڵێك ئێستا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك نییە.
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری كورد ڕادەستی حەشدی شەعبی كرا و لەو كاتەوە دۆخەكەی لە هەموو روویەكەوە ناجێگیرە و پاشان هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بە چەند قۆناخێك درا، بەڵام خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكوومەتی عێراق و پاشان بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا هەوڵەكانی بۆ ئاساییكردنەوە پەك خست.
باسنیوز
