نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەحکومەتی هەرێم: بەدەل عەبدولباقی بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان تۆمەتبارە
رۆژی 26/5/2020 رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێكی دەربارەی خۆپیشاندانەكانی دهۆك بڵاوكردەوە بەناوی ( پۆلیس مامۆستا ورێكخەری خۆپیشاندان دەستگیر دەكات) لە راپۆرتەكەیدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ باس لەوە دەكات هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتەوە سەر ماڵی بەدەل عەبدولباقی ئەبوبەكر كە چالاكوانێكی دهۆكە، بەبێ فەرمانی دەستگیر كردن، دوای نیوە شەوی 16/5/2020 دەستگیریان كردووە.لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا رێكخراوی ناوبراو باس لەوە دەكات كە بەدەل عەبدولباقی نەیتوانیوە پەیوەندیی بە پارێزەرەكانییەوە بكات و لە رۆژی دەستگیركردنییەوە كەسوكاری چاویان پێی نەكەوتووە.
لەم بارەوە نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركرد ئەمە دەقەكەیەتی:
سەبارەت دەستگیركردنی بەدەل عەبدولباقی دادوەری لێكۆڵینەوەی دهۆك فەرمانی دەستگیركردنی ناوبراوی دەركردووە بەپێی (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (11)ی ساڵی 2020، چونكە داوای خۆپیشاندانی كردووە لە كاتێكدا مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڕەشەیەكی جددیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، و پێچەوانەی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
سەبارەت بە شێوازی دەستگیركردنی، لە رێگای لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەشێوازی ئاسایی بووە هەروەها هێزە ئەمنییەكان بە جلوبەرگی ئاسایی ئەركی خۆیان ئەنجامداوە، کارمەندانی نەهێشتنی ئاژاوە رێگایان پێدراوە بە جلوبەرگی مەدەنی ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن.
دوای دەستگیركردنی ناوبراو لەسەر داوای پارێزەرانی كە یەكێكیان برایەكی خۆیەتی بەناوی حەمدی عەبدولباقی بە كەفالەت ئازاد كراوە و لە ماوەی راگرتنیدا كەسوكاری بەپێی یاسا مافی چاوپێكەوتن و بینینیان هەبووە، ناوبراو ئێستا تۆمەتبارە و بەپێی ماددەی (2) لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (6)ی ساڵی 2008 راگیراوە.
لە كاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە كە بەبێ رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەك تەحەدا بۆ بڕیارەكانی پارێزگای دهۆك لەلایەن چەند كەسێكەوە گردبوونەوەیەك رێكخرا و لە ئەنجامدا 14 كەسی دیكەش، بەپێی ماددەی (240)ی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە (111) ی ساڵی (1969) كە سەرپێچی كردنە لە رێكارەكانی حكومەت دەستگیر كران، بەپێی ئەم ماددەیە هەر کەسێک سەرپێچی لە فەرمان و رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان حکومی بکات دەستگیر دەکرێت، بەڵام بەر لە جەژنی رەمەزان گشتیان ئازاد كران.
نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان
03/06/2020
