داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەدات
داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەداتە ئەو کەس و لایەنانەی ژیانی خەڵکی بەهۆی کۆرۆناوە دەخەنە مەترسییەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی 2-6-2020 بڵاوی کردووەتەوە، داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە، نابێ پەتای کۆرۆنا بە سیاسی بکرێ و بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێندرێت.
داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەکردن بە مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا، رایگەیاندووە، ئەو کەس و لایەنانەی هانی خەڵک دەدەن بۆ شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و رێنماییە پزیشکییەکان، دەبێ بەرپرسیارێتیی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ئەستۆ بگرن و قەرەبووی تووشبوو و کەسوکاری مردووان بە پەتاکە، بکاتەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان داوا لە هەمووان دەکات بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بکەن و بە گرتنەبەری رێکاریی یاسایی لە دژیان، هۆشداریی داوەتە ئەو کەس و لایەنانەی سەرپێچی دەکەن و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
باسنيوز
