وەزیری تەندروستی: بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ هەڵنەوەشاوەتەوە

وەزیری تەندروستی: بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ هەڵنەوەشاوەتەوە
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند قەدەغەی هاتوچۆ هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو هەندێک ئاسانکاری بۆ خەڵک دەکرێت.


د. سامان بەرزنجی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دەسەڵات بە پارێزگار و ئیدارەکان دراوە هەندێک ئاسانکاری بۆ خەڵک دەربکەن و لە سبەینێوە ئاسانکارییەکان ڕادەگەیەندرێن".


هەروەها گوتی "ئەو کارئاسانیانەی بڕیارە بکرێن بۆ بژێوی و ژیانی خەڵکە، بەڵام ئەویش بە مەرجی توندی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکەیە، خەڵک دەبێ زۆر وریا بن، چونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زۆر جدیە و نابێ بە کەم سەیر بکرێ".


وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو ڕاسپاردەیان بۆ پارێزگارەکان ئەوە بوو کە خەڵک و ئیدارەی پارێزگاکان دەبێت پێکەوە بەرپرسیارییەتی دۆخەکە هەڵبگرن و ڕێگە نەدەن ڤایرۆسەکە زیاتر تەشەنە بکا.


ئاماژەی بەوەش دا ئەمڕۆ دوو تووشبووی کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە، چەند نەخۆشێکی تریشیان هەیە تەندروستیان جێگیر نییە و لە ژێر ئامێری هەناسەدان و هەناسەی دەستکردن.











باسنیوز


Top