پارێزگاری سلێمانی: لەژێر ڕێکاری توندی تەندروستی سێکتەرە جیاجیاکان دەکرێنەوە
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو قەدەغەکردنی هاتوچۆ، کە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا، تێیدا بڕیاردرا هەموو بڕگەکانی بەیانی ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆ وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن.
روونیشکردووەتەوە، لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ بڕیاردرا لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی سبەینێوە ٣ی٦ی٢٠٢٠، لەژێر ڕێکاری توندی تەندروستی و ڕێنماییە تەندروستییەکاندا سێکتەرە جیاجیاکان دەکرێنەوە.
دەقی راگەیاندراوەکە:
ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی بەڕێز وەزیری ناوخۆو بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری تەندروستی و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو قەدەغەکردنی هاتووچۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆو هەڵسەنگاندنی ورد لەسەر بارودۆخەکە کراو دواجار بڕیاردرا:
١- هەموو بڕگەکانی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن.
٢-پەیوەست بە قەدەغەی هاتووچۆ لە سەعات (٦)ی ئێوارەی سبەینێوە (٣/ ٦/ ٢٠٢٠) لەژێر ڕێکاری توندی تەندروستی و ڕێنماییە تەندروستییەکاندا سێکتەرە جیاجیاکان دەکرێنەوە.
٣-دوای تێپەڕبوونی (٧٢) سەعات بەسەر کەرەنتینەکردنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخدا، دوای ئەو ماوەیەی دیاریکراوە دەروازەکە دەکرێتەوە.
هەروەها سوپاسێکی زۆری هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان کرا، بۆ پابەندبوونیان بە ڕێکارەکان و خۆپارێزییانەوە، داوایان لێکرا بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی، لەهەمان کاتدا هەموو فەرمانگەکانی دەوڵەت ئاگادارکرانەوە، کە پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بەوردی جێبەجێ بکەن و هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک دەبێتە مایەی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕی توند.
باسنيوز
