فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەكان لەدژی داعش لە كەركووك سەركەوتوو نابێت

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەكان لەدژی داعش لە كەركووك سەركەوتوو نابێت
هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە سنووری پارێزگای كەركووك ئۆپوراسیۆنێكی سەربازییان لە دژی داعش ئەنجام دا و فەرماندەیەكی پێشمەرگەش ڕای دەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی هێزە عێراقییەكان لەدژی داعش لە سنووری كەركووك سەركەوتوو نابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2/6/2020، ئۆپەراسیونێكی سەربازی بە بەشداریی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق و حەشدی شەعبی و هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە حكوومەتی عێراق لە سنووری پارێزگای كەركووك لەدژی چەكدارانی داعش بەناوی ئۆپەراسیۆنی (سەركەوتنی سەروەری) دەستی پێ كرد.

بەپێی زانیارییەكان هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە کاتی دەسەڵاتی عەبادی و عادل عەبدولمەهدیش چەندین جار ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەدژی چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك ئەنجام داوە، بەڵام چەكدارانی داعش هەر وەكوو خۆیان ماون و زیاتریش بەهێز بوونەتەوە.

لەمبارەیەوە، لیوا حەمە ڕێگر، فەرماندەی فەرماندەیی كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە ئەمڕۆ سێشەممە هێزە عێراقییەكان دەستیان پێ كردووە بۆ هەندێ شوێنی سنووری پارێزگای كەركووك، سەركەوتوو نابن، ئەوان ئۆپەراسیۆنەكەیان گوایە لەدژی چەكدارانی داعشە، بەڵام لە هەمانكاتدا داعشەكان بەناوی حەشدی عەشاریەریەوە لەگەڵ خۆیاندا چەكدارن، واتە ئەوان لە رۆژدا حەشدن و لە شەودا داعشەكان هەر ئەوانن، ئیتر ئۆپەراسیۆن لەدژی كێ ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە سودی نییە".

گوتیشی: "تاوەكوو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە سنوورەكە و ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان ئەنجام نەدات، ناوچەكە بەگشتی پاك نابێتەوە لە داعش و ئێستاش چەك دراوەتە هۆزە عەرەبەكانیش ئەوەش كێشەیەكی تریە گەورەیە و دۆخەكە زیاتر بەرەو خراپتر دەبات".












باسنیوز


Top