تەندروستیی سلێمانی: ھەڵەیەکی گەورەیە ئەجێندای سیاسی تێکەڵی په‌تاى کۆرۆنا بکرێت

تەندروستیی سلێمانی: ھەڵەیەکی گەورەیە ئەجێندای سیاسی تێکەڵی په‌تاى کۆرۆنا بکرێت
بەڕێوه‌بەری بەڕێوه‌بەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر خۆپارێزی نەکرێت، كۆرۆنا کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

دکتۆر ڕزگار عەلی، پزیشکی پسپۆڕ و بەڕێوه‌بەری بەڕێوه‌بەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: "شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، مەترسییەکی گەورەی جیھانییە و دەرکەوت کە ڤایرۆسەکە لە وەرزی گەرمادا توانای ژیانی ھەیە و ئێستا جەنگی دەروونی و ئابووری و جەستەیی لەگەڵ مرۆڤایەتی دەکات، چونکە پێشتر کۆرۆنا وەک ئێستا مەترسیدار نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا ڕێژەی تووشبوون و مردن زیادی کردووە، بۆیە داواکارین ھاووڵاتییان پابەندی ڕێنوێنییه‌ پزیشکییەکان بن".

گوتیشی: "پێویستە ھاووڵاتییانی هه‌رێمى کوردستان، پابەندی ڕێنوێنییه‌كان بن، چونکە ئەم ڤایرۆسە زەنگی مەترسی لێ داوە و ئەگەر خۆپارێزی نەکرێت، كۆرۆنا کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بۆیە قەدەغەی ھاتوچۆ، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی، ڕاگرتنی پرسە و بۆنە ئاینییەکان، داخستنی ڕێستۆرانت و کافتریاکان ھۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بکەین".

د. ڕزگار عەلی ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕاستە قەیرانی دارایی ھاووڵاتییانی نیگەران کردووە، بەڵام كۆرۆنا فشاری بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان دروست کردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی خۆپاریزی بکات، نەوەکوو بەشێوەیەکی لۆکاڵی سەیری ڤایرۆسەکە بکات، بۆیە ھەڵەیەکی گەورەیە خەڵکی ئەجێندای سیاسی تێکەڵی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە بکه‌ن، چونکە كۆرۆنا ھەموو جیھانی گرتووەتەوە.











باسنیوز


Top