بەرپرسێکی گۆڕان: هەر کەس و حزبێک دژایەتیی چاکسازی بکات ئایندەی باش نابێت
محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان و بڕیاردەری لێژنەی سووتەمەنی و وزە ڕایگەیاند، یاسای چاکسازی لەپێناو بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی کوردستانە، ”ھیوادارم تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەیوەست بن بە جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە ئەگەر ئەو یاسەیە پەسەند بکرێت، ھۆکارێکی باش دەبێت تاوەکوو ئەوانەی مووچەی بندیوار یان چەند مووچەیەکیان ھەیە، مووچەکانیان نەمێنێ، جگە لەوەی بە کەمکردنەوەی مووچەی پلەباڵاکان، دادپەروەری دێتە کایەوە“.
بەپێویستیشی زانی کە هەرسێ لایەنی بەشدار لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی چڕ بکەنەوە.
جەختیشی کردەوە: ”پێویستە یاسای چاکسازی لە تەواوی جومگەکانی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت، ناکرێت تەنیا چەند سێکتەرێک بگرێتەوە، دەشبێت ئەوانەی مووچەی ناشایستەیان ھەیە تەنانەت لە ھێزەکانی حەفتا و ھەشتا یان ئەو کەسانەی بەنایاسایی کراون بە وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و ڕاوێژکار، یاساکەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت".
محەمەد وەھاب هۆشداری دا و رای گەیاند: ”ھەر کەس و لایەنێک دژایەتیی ئەو یاسایە بکات، ئایندەی باش نابێ و ھاووڵاتیانی کوردستان دژی ئەوانە دەوەستنەوە کە دژایەتیی ئەو یاسایە دەکەن، چونکە ئەو یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە و ئەگەر وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت، خزمەت بەھەموومان دەکات".
باسنیوز
