لە خورماتوو كاسبكارانی كورد گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان لەدژی دەسەڵاتی شارەكە ئەنجام دا

لە خورماتوو كاسبكارانی كورد گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان لەدژی دەسەڵاتی شارەكە ئەنجام دا
ئەمڕۆ یەشەممە لە شاری خورماتوو، كاسبكارانی كورد بەهۆی ئەوەی لەلایەن ملیشیاکانەوە ڕێگری لە کەسابەتیان دەکرێت، گربوونەوەیەكی ناڕەزاییان لەدژی دەسەڵاتی شارەكە ئەنجام ساز کرد.

هەڵمەت ڕەمەزان، دووكاندارێكی بازاڕی كوردنشینی (كۆماری)ی شاری خورماتووە و بەشداربوویەكی گردبوونەوە ناڕەزاییەكە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە 31/5/2020، وەك خاوەن دووكانەكانی بازاڕی كۆماری كە بازاڕێكی سنووری گەڕەكە كوردنشینەكانە، گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییمان لە پێش باڵەخانەی قایمقامیەتی خورماتوو ساز کرد، لەسەر ئەوەی بە بیانووی جۆراوجۆر و قەدەغەی هاتوچۆوە، بە هێز دووكانەكانیان پێمان داخستووە و چەند رۆژێكە رێگە نادەن كار و كەسابەتی خۆمان بكەین و زۆرینەشمان بژێوی ژیانمان تەنیا لەسەر دووكان و كارەكانمانە".

گوتیشی: "رێگریكردن لە ئێمە بۆ كاركردن لە كاتێكدایە، بازاڕی توركمانە شیعەكان كراوەتەوە و رێگە لەوان ناگرن كە كار و كەسابەتی خۆیان دەكەن، چونكە ئەوان حەشدی شەعبییان لە پشتە، تەنیا كورد ئێستا لە شارەكە بێ پشتە، بۆیە ڕێگری لە كاری ئێمە دەكەن و لە خورماتوو تا ئێستا سێ كەس لەم چەند رۆژەی رابردوو تووشی كۆرۆنا بوون ئەوانیش دانەیەكیان چاك بووەتەوە، ئیتر پێویست بەوە ناكات دەسەڵاتی ئەم شارە رێگە نەدات خەڵك كەسابەت بكات، بۆیە ئەگەر رێگە نەدەن دووكانەكانمان بكەینەوە ئەوا خۆپیشاندان دەكەین و ناڕەزاییەكانمان زیاتر دەردەبڕین".

قەزای خورماتوو، سەر بە پاریزگای سەڵاحەدین و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەری ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە كورد و توركمانی شیعە و عەرەب پێك دێت، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە و ئێستاش بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردی ئەو شارە لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و ناوێرن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و رۆژانە بە شێوەی جۆراوجۆر زەخت و گوشار بۆ کورد دەهێندرێت.











باسنیوز


Top