خورماتوو.. بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆ ڕێگە نادرێت جووتیارانی كورد دانەوێڵەكانیان بگەیەننە سایلۆ

خورماتوو.. بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆ ڕێگە نادرێت جووتیارانی كورد دانەوێڵەكانیان بگەیەننە سایلۆ
بەرپرسێكی حزبی ڕای دەگەیەنێت، لە خورماتوو بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆوە ڕێگە بە جووتیارانی كورد نادرێت دانەوێڵەكانیان بگەیەننە سایلۆی شارەكە.

لەمبارەوە ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕایگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دژایەتیی جووتیارانی كورد دەكەن، ئێستاش بیانووی قەدەغەی هاتوچۆیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی جووتیارانی كورد نەتوانن دانەوێڵەكانیان ڕادەستی سایلۆی خورماتوو بكەن".

گوتیشی: "حەشدی شەعبی تەنیا بە وەرگرتنی سەرانەوە لە خورماتوو نەوەستاون، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو، لە سایلۆی خورماتوو، لە كاتی وەرگرتنی دانەوێڵە لە جووتیاران گەندەڵی دەكەن و خۆیان بەو شێوەیە دەوڵەمەند دەكەن و دەستیان هەیە لەوەی كە بە پارە دانەوێڵەی پلە دوو، بكەنە پلە یەك".

بەشی زۆری دەغڵودانی جووتیارانی كورد لە سنووری خورماتوو كەوتووەتە ناوچەی داودە و رێگای نێوان خورماتوو _داقووق، لە بازگەكانەوە ڕێگە لەوان دەگیرێت دانەوێڵەكانیان بگەیەننە سایلۆی خورماتوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكان جووتیارانی عەرەب و توركمانی شیعە، دانەوێڵەكانیان بە ئاسانی دەگەیەننە سایلۆی خورماتوو و زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئەوانیش زیاتر دەكەوێتە ڕێگای نێوان خورماتوو-تكریت و خورماتوو _سلێمانبەگ، تاكوو ناحیەی ئامرلی لە باشووری خورماتوو".

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی پار ئەركی پاراستنی سایلۆی خورماتوو لەكاتی وەرگرتنی دانەوێڵە لە جووتیارانی ناوچەكە، دراوەتە حەشدی شەعبی".

جووتیارانی كورد لەلایەك بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆوە ڕێگەیان پێ نادرێت دانەوێڵەكانیان بگەیەننە سایلۆی خورماتوو، لەلایەكی تریشەوە دەغڵودانەكانیان دەسووتێنرێت كە دواترین حاڵەت ئێوارەی رۆژی هەینی ڕابردوو بوو لە گوندی (لەك)ی سەر بە خورماتوو، دەیان دۆنم دەخڵودانی جووتیارانی كوردی ئەو سنوورە سووتێندرا.














باسنیوز


Top