دەستەی دەستپاکی: یاسای چاکسازی دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان مووچەخۆراندا

دەستەی دەستپاکی: یاسای چاکسازی دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان مووچەخۆراندا
بەرپرسێکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رای گەیاند کە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان مووچەخۆراندا. ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش ئاشکرای کرد کە ئەوانەی ساڵانێکە بە ناهەق لە بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان سوودمەندن، ئێستا دژایەتیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکەن.

لەنجە دزەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، چاکسازی لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، بە بڕینی مووچە و خانەنشینی و ئیمتیازات و دەرماڵەی ناشایستە، ”چاکسازی خەڵکی هەژار و خاوەن هەقەکان ناگرێتەوە. بەڵکوو تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە بە نایاسایی پلەی باڵا و مووچە و دەرماڵەیان پێ دراوە، ئەوانەش زۆرینەیان ئەو خەڵکەن کە داهاتیتر یان مووچەی دیکەیان هەیە و گوزەرانیان باشە، واتە لە جارێک زیاتر سوودمەندن لە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە حکوومەتدا“.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە ”ئەوان بە دیدی خۆیان لەم چاکسازییە زەرەرمەند دەبن، هەر بۆیە دژایەتییەکی زۆری دەکەن، بیر لەوە ناکەنەوە کە چەندین ساڵە بەبێ ئەوەی شایستە بن و بە نایاسایی لەو مووچە و خانەنشینانە سوودمەندبووینە و هەقی خەڵکی تریان بردووە، ئینجا خۆشیان بە دژە گەندەڵ لە نێو خەڵک ناوەزەند دەکەن و نیشان دەدەن، دڵنیام لەوەی کە ئەوان ناتوانن چیتر ئەو خەڵکە فریو بدەن“.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ٧٥٪ی کۆی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڕوات، ”کەواتە چاکسازی لە گەورەترین بەشی بودجەی هەرێمی کوردستاندا دەکرێت. بەڵام لە دوای ئەم هەنگاوە، لە داهاتوودا چاکسازی سێکتەر و بوارەکانی دیکەش لە خۆی دەگرێ. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە چاکسازی خواستی زۆرینەی هاووڵاتیانە، هەر بۆیە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتاری جەژنە پیرۆزەدا جەختی لەوە کردەوە کە (ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاکسازی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بێگومان لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا، بەرژەوەندیی خەڵکانێک کە سەرپێچی و گەندەڵییان کردووە، دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەکخستنی دەدەن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن. بەڵام چاکسازی داواکاریی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و منیش لە بەرەی هاووڵاتییان دەمێنمەوە و بە پاڵپشتیی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە چاکسازی بەردەوام دەبین و هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە)“.

دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە حکوومەت دەکەین لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای چاکسازی و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان“.

هەر لەمبارەیەوە موشیر ڕەشید، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسا، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت رێگر بێت لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ھەر کەس و لایەنێک رێگربێت، ئەوا سزا دەدرێت.

ڕوونیشی کردەوە کە لەوکاتەوەی یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، ”ژاوەژاوێک هەیە، بەڵام پاش ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی ماددەکانی یاساکە دەکرێت، ژاوەژاوەکەش نامێنێت“. گوتیشی: ”یاسای چاکسازی بۆ ھێنانەدیی ھاوسەنگیی نێوان مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە“.











باسنیوز



Top