ئومێد خۆشناو: بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێنەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەشێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئاشکرا کرد و رای گەیاند کە بە جێبەجێکردنی یاساکە، مووچەی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێتەوە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، نووسینێکی بە ناونیشانی (کورتەیەک لە خاڵەکانی یاسای چاکسازی) بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئەم گۆڕانکارییانە ڕوودەدەن:
- ھەڵوەشاندنەوەی ھەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکاری وەزارەت و خوارتر.
- رێکخستنەوەی لیستی شەھیدان و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لەوانەی شایستە نین.
- وەرگرتنەوەی پلە سەربازی و ئیدارییەکان لە ئەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرز کراوەتەوە.
- ڕێگریکردن لە دووجار سوودمەندبوون لە مووچە.
- شەش جێگا ههبوو فەرمانگەی خانەنشینان بوون و ھۆکارێک بوون بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، لە یەک فەرمانگەدا کۆدەکرێنەوە.
- پاسەوانی لە کوردستاندا ببوو بە ھۆکارێکی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێکخرایهوه.
- ھیچ ھێزێکی سەربازی و حزبی یەکەی ژمێریاریی خۆی نامێنێت.
- دروستکردنی سندوقی خانەنشینیی جێگیر کراوه.
- ڕێکخستنهوه و کهمکردنهوهی مووچهی خانەنشینیی پلە باڵاکان.
- ژمێرە و حیسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەکەونە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی.
ئومێد خۆشناو ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەوان پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێکی چاکسازی دەکەن و ”لە هەر کوێیەکیش گەندەڵی هەبوو، قسەی جددی لەسەر دەکەین“. جەختیشی کردووەتەوە کە ئەو خاڵانەی ئاماژەی پێداوە، ”بهشێکی کهمی پڕۆژهکه بوون و کاری گهورهتریشی بهدواوهیە“.
باسنيوز
