پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ھەندێک تاقم و گرووپ دژایەتیی یاسای چاکسازی دەکەن

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ھەندێک تاقم و گرووپ دژایەتیی یاسای چاکسازی دەکەن
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ”دەبێتە باشترین حکوومەت“، هەرچەندە هەندێک تاقم و گرووپ دژایەتیی یاساکە دەکەن.

یاسین خزر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، ڕایگەیاند، ھەرچەندە ھەوڵێکی جددی ھەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەڵام ”ھەندێک تاقم و گروپ بەھۆی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە دژایەتیی یاساکە دەکەن، لەکاتێکدا ئەوە کارەساتێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت، چونکە جێبەجێکردنی یاسایی چاکسازی کارێکی گرنگە و داھاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان نەیشاردەوە کە ”ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاسای چاکسازی جێبەجێ بکات، ئەم حکوومەتە باشترین حکوومەت دەبێت، چونکە خەڵکی زۆر ھەیە بەنایاسایی مووچە وەردەگرن یان مووچەیەکی زۆر وەردەگرن، بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەگژ ھەموو ئەو کەسانەدا بچێتەوە کە دەیانەوێت ڕێگری لە پەسەندکردنی یاسای چاکسازی بکەن“.

یاسین خزر ئاماژەی بەوەش دا کە لە کاتی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون گەندەڵی نەمێنێت، یان ھیچ کەسێک بە واستە و خزم خزمێنە دانەمەزرێت، ”خۆشبەختانە لەم کابینەیەدا ھیچ کەسێک بە واستە دانەمەزراوە، تەنھا مامۆستایانی گرێبەست بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچووە، ئەویش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکەی دەرکردووە". دووپاتیشی کردەوە: ”ھەرچەندە ماوەیەکی زۆر نییە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھێنراوە، بەڵام لەم ماوەیەدا کاری باش کراوە، بە تایبەتی کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان و ڕێگری لە گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کارە باشەکانی ئەم کابینەیە بووە".










باسنیوز


Top