لەبارەی خراپی کارەباوە ھۆشداری بە خاوەن موەلیدە ئەھلییەکانی سلێمانی درا
خالید محەمەد سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەھلییەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رايگەیاند "لیژنهی موەلیدە ئەھلییەکان بە ئامێری پێوانەکردنی ڤۆڵتیە (کڵامپ) لە قاتعی گەڕەکەکان پشکنین بۆ بەرز و نزمی ڤۆڵتیە دەکەن، پێویستە ئەو کێبڵەی لە موەلیدەکەوە بۆ ناو گەڕەکەکان راکێشراوە و جۆزەی ماڵانی لێ بەستراوە، لە سەرووی ١٩٥ ڤۆڵت بێت، لە حاڵەتی کەمی و نزمی ڤۆڵتییەی کارەباکە، ئەوا موەلیدەکە کێشەی ھەیە و پێویستە خاوەن موەلیدەکە چارەسەری بکات".
گوتیشی "ئەو ھاووڵاتییانەی کارەبای موەلیدەکانیان ڤۆڵتییەی نزمە، سەرەتا بە ئامێری پێوانەکردنی ڤۆڵتییە (کلامپ) کارەبای قاتعی گەڕەکەکەی پێوانە بکات و پاشان ناو ماڵەکەی، لە کاتی نزمی ڤۆڵتییەی کارەبای گەیشتوو بە قاتعەکە، لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاگادار بکاتەوە".
هەروەها ڕوونی کردەوە "ئەگەر ڤۆڵتییەی کارەبای ناو قاتعی گەڕەکەکان لە سەرووی ١٩٥ ڤۆڵت بوو، ئەگەری ئەوە ھەیە جۆزە یان ئەو وایەرەی کارەبای بۆ ماڵەکە گواستووەتەوە کێشە دروست بکات".
جەختیشی کردەوە "رۆژانە لیژنەکە سەردانی مۆلیدە ئەھلییەکان دەکات لە کاتی ھەبوونی سەرپێچی و کەموکورتی خاوەن مۆلیدەکان رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەکاتەوە".
باسنيوز
