بەشیر حەداد: پێویستە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە پاراستنی هاووڵاتیاندا چاوکراوە بن
دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیدانەی شەهیدکردنی بەهجەت محەمەد ئەو پۆلیسە کوردە دەکات کە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لە شاری کەرکووک و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە سەربڕاوی دۆزرایەوە، و داواش لە هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەکات زیاتر چاوکراوە بن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە ئارامی ژیانی رۆژانەی خۆیان بەڕێ بکەن.
هەر بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی دووشەممه 2020/5/25 د. بەشیر حەداد پەیوەندی بە خانەوادەی بەهجەت محەمەدەوە کرد و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستە کردن و بەلێنیی پێدان هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە رادەسپێرێت تاکوو بکوژی کوڕەکەیان بدۆزنەوە.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی شاری کەرکووکەوە کرد و داوای لێکرد هەوڵی تەواوی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بکوژی بەهجەت محەمەد بدۆزنەوە و داواشی لێکرد زیاتر چاوکراوە بن بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کردەوانە بکەن تاکوو هاووڵاتیانی شاری کەرکووک بە ئارامی و ئاسایش ژیانی رۆژانەیان بەڕێ بکەن.
دکتۆر بەشیر حەداد ئەندامانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشی راسپارد بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە و رووداوەکانی دیکەی ئەو شارە بکەن و لە ئەنجامەکەی ئاگاداری بکەنەوە.
باسنيوز
