دیسان لە گوڵاڵە و داقووق دەخڵودانی جووتیارانی کورد سووتێندران

دیسان لە گوڵاڵە و داقووق دەخڵودانی جووتیارانی کورد سووتێندران
ئەمڕۆ دووشەمە و لە دووەم رۆژای جەژنی رەمەزاندا، بۆ جارێکی دیکە زەوی و دەخڵودانی جووتیارانی كورد لە ناوچەکانی گوڵاڵە و داقووق سوتێنراون.

نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، ئەمڕۆ دووشەممە 25/5/2020 رایگەیاند: "لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە سنوری شارۆچكەی گولاڵە و شێخ باوە ئاگر لە زەویوزاری جووتیاران بەر دراوە و بەو هۆیەوە نزیكەی 30 دۆنم زەوی لە دەخڵودانی جووتیاران سووتێنراوە."

گوتیشی: "جیاواز لە پێشوو ئەمجارەیان بە شەو ئاگریان لە دەخڵودانی جووتیاران بەر داوە و تیرۆریستان لە ڕۆژانی جەژندا سەرقاڵیی جووتیاران و قەدەعەی هاتوچۆیان قۆستووتەوە ئاگریان لە دەخڵودانیان بەر داوە."

هاوكات بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە ئاگر لە زەوی و دەخڵودانی جووتیارانی گوندی (سنوور) لەسنوری داقووق بەر دراوە".

بە گوتەی جووتیارێكی ناوچەكە زوو ئاگرەکەیان خامۆش کردووە دۆنمێكی كەمی دەخڵودان سووتاوە.

هیوا رەشید، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، ئاگرەكە زۆر درەنگ كەوتووەتەوە و گەورە نەبووە.

بەپێی بەدواداچوونەكان، هیچ ئاگرێك جگەلە ناوچە كوردستانییەكان، لە شوێنی دیكە ئاگر نەكەوتووەتەوە.











باسنیوز



Top