له ورمێ.. سێ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لانیکەم سێ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 2020.5.24 هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی گوندی سنووری "کوران"ی سەر بە ناوچەی "سۆما و برادۆست"ی ورمێ تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەرسەلان ئەحمەدی" کوڕی حاکم دەستبەجێ کوژراوە.
هەروەها دوو کۆڵبەری دیکەش کە برا بوون بە ناوەکانی "توران ئەحمەدی" و "ڕدوان ئەحمەدی" بە سەختی بریندار بوون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا بریندار بوون.
باسنيوز
