لە رۆژانى جەژندا کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى زیاد دەبێت
ئومێد ئەحمەد، بەرێوەبەرى کۆنترۆڵ و گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى هەرێمی کوردستان راى گەیاند: "بە هۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما خواستى هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانى کارەباى نیشتیمانى زیادى کردووە بۆ زیاتر لە 4400 مێگاوات، ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕى کارەباى بەرهەمهێندراوى هەرێم تەنیا 2700 مێگاواتە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەین زۆرترین بڕى کارەبا بە هاونیشتیمانیان بدرێت".
راشیگەیاند: "لە رۆژانى جەژنى رەمەزانیشدا کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بەهاوبەشانى کارەبا زیاد دەبێت، بە جۆرێک ئێستا رۆژانە 12 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت، بەڵام لەرۆژانى جەژندا ئەو بڕە بۆ 15 کاتژمێر زیاد دەبێت، ئەمەش بەهۆى راگرتنى دەوامى فەرمانگەکان و داخستنى مۆڵ و کارگە و شوێنە گشتییەکان لەچوارچێوەى رێوشوێنەکانى خۆپارێزى".
لە بارەى کەمبوونەوەى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى ناوبراو جەختى کردەوە" بەرهەمهێنانى کارەباى نیشتیمانى لە 3200 مێگاواتەوە بۆ 2500 مێگاوات کەمبووەتەوە، بەهۆى قەیرانى دارایى و کەمبوونەوەى سووتەمەنییەوە".
باسنیوز
