پەیامێک لە وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پەیامێک لە وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە


وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بۆ هاووڵاتییان دەنێرێت.

لە پەیامەکەیدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە مسوڵمانانی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

سامان بەرزنجی لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کە ئەو ڕێكارانەی دەگیرێتەبەر ”بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویستە“، هیوای خواستووە هەمووان پێکەوە خۆپارێزی کەسی و ئامۆژگاریەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەن.

دەقی پەیامەکەی وەزیری تەندروستی:

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی جەژن لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، خوای گەورە ڕۆژو و تاعەتی هەموولایەك قەبوڵ بكات.

پیرۆزبایی جەژن لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاریان دەكەین، هیوای بەختەوەری و ژیانی ئاسودەیان بۆ دەخوازین.

هەروەك ڕوونە جەژن هەڵگری پەیامی لێبووردەیی و ئاشتەوایی و خێروبەرەكەتە بۆ گشت مرۆڤایەتی و موسڵمانان، بەداخەوە ڕەمەزان و جەژنی ئەمساڵمان لە هەڵومەرجێكدا بەڕێدەكەین كە تەواوی جیهان بەدەست پەتای كۆرۆنای نوێ COVID -19 دەناڵێنێت و تاوەكو ئێستا چارەسەری بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی لەژێر ڕۆشنایی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەڕێمی كوردستان بەردەوامە لە پێشكەشكردن و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەتایبەتی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی و چارەسەری هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بەپێی پلانێکی تۆکمە پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكات.

لێرەدا جارێكی تر وێڕای پیرۆزبایی جەژن، دەستخۆشی و ڕێز و سوپاسمان بۆ هەموو پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی دەردەبڕین كە ماندوونەناسانە و بە شەونخوونی خزمەتكردنیان بۆ هاوڵاتیان بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەی کۆڕۆنا پێشکەش بە هاووڵاتییان کردووە.

هاوڵاتیانی خۆشەویست ...

سوپاستان دەكەین بۆ پابەندبوونتان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان لە ماوەی ڕابردوو و لە ئێستادا، ئەو ڕێكارانەی دەگیرێتەبەر بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویستە، ئومێدەوارین هەموو پێکەوە خۆپارێزی کەسی و ئامۆژگاریەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەین، هیوادارین ئەو ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێش بە زووترین كات تێیپەڕێنین و هەمووان ئاسودەی ژیانێکی تەندروست بن.

دووبارە جەژنی ڕەمەزان لە هەمووان پیرۆز بێت و هەر ساغ و سەلامەت بن.

د. سامان حسین بەرزنجی

وەزیری تەندروستی

24 ئایار 2020





باسنیوز
Top