رێبەر ئەحمەد: بڕیارمان نەداوە بۆ دوای جەژن قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام بێ
وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "مەبەستی ئێمە لە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە جەژندا بۆ ئەوەیە کەمترین بەرکەوتن لەنێوان هاووڵاتیان دروست ببێت، ئەگەرنا سەردانکردنی خۆشەویستان لە رۆژی جەژن وەکو ئەرکێکی مرۆیی و ئایینی دەبینین، کە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا باوە، بەڵام بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە باشمان زانی قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنین و بڕیاریشمان نەداوە قەدەغەی هاتوچۆ لە دوای جەژن بەردەوام بێت و ژیان ئاسایی و وەکو ئێستای لێدێتەوە".
گوتیشی: "ئاماژەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژمارەی تووشبووان لە ماوەی هەفتەیەکدا گهیشتووهته زیاتر له 40 حاڵەت. ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوون لە ماوەی رابردوودا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کە ئەو ڤایرۆسە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە بڵاوبووەتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەمڕۆ رێنمایی تایبەت بۆ ڕۆژانی دووەم و سێیەمی جەژن بڵاودەکرێنەوە و رێگە بەو جووتیارانە دەدرێت کە دەچن دەغڵودانەکانیان دەدوورنەوە ، نانەواخانە و سەموونخانەکانیش دەکرێنەوە و رێگەش دەدرێت ئۆتۆمبێلی سەوزە و میوە لە کۆڵان و شەقامەکان بگەڕێ بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پێداویستییەکانیان بکڕن.
روونیشیكردهوه، هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پێشکەوتووش لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا سەرکەوتوو بووە، رێبەر ئەحمەد لەبارەی هۆکاری سەرکەوتنەکەوه گوتی: "پێشتر بەپێی سیاسەتی بەرگری و هێرشکردن بۆ سەر ڤایرۆسەکە توانیمان بەسەر ئەو ڤایرۆسە زاڵ بین و رێگەنەدەین وەکو وڵاتانی دیکە بڵاوببێتەوە". هەروەها گوتی: "ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە ناڕوونە، سەرچاوەی تووشبوونی حاڵەتەکانی دواییە، کە ئەوەش سەرچاوەی مەترسییە، ئێستا خەڵکانێک تووشدەبن لە کۆمەڵگە، کە ئێمە نازانین سەرچاوەی یەکەمیان کە بووەتە هۆی تووشبوونیان کێن و بەرکەوتەیان لەگەڵ کێ بووە".
جەختیشیکردەوە: "ئێمە نازانین ئەوانەی پێشتر تووش بوون و بەرکەوتەیان هەبووە لەگەڵ ئەوانەی ئێستا و تووشیان کردوون، یان ئەوانەی لە عێراق و وڵاتانی دیکە دێنەوە دواتر تووشیان دەکەن، پێمانوایە ژمارەیەکی زۆرتر لە تووشبووان لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئێمە هەستمان پێنەکردووە".
لەبارەی هۆکاری کرانەوەی بازاڕەکان لە رۆژانی پێشوو و پەیڕەوکردنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە رۆژانی جەژن، رێبەر ئەحمەد روونیكردهوه، "پەیامی جۆراوجۆرمان بەدەست گەیشتووە، بۆچی بازاڕەکان کرانەوە، بەڵام جەژن قەدەغەی هاتوچۆ دەکرێت؟ دەمانەوێت ئەوە بڵێین ئێمە لە حکومەت لەژێر گوشاری ئابووری کە بۆ هاووڵاتیان هات، هەستمان کرد دەبێت خەڵک خەریکی کەسابەت بن و داهاتیان پەیدا بکەن، بۆیە بازاڕەکانمان کردەوە".
باسنيوز
