چەند خاڵێک لەبارەی دیدارە تەلەفزیۆنییەکەی پەیوەست بە ئازادکردنی گیراوەکان: ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیان

چەند خاڵێک لەبارەی دیدارە تەلەفزیۆنییەکەی پەیوەست بە ئازادکردنی گیراوەکان: ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیان


نوێنەری پارتی باس لەم بابەتانە دەکات:

١- بیستمان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند گیراوێکی لە برایانمان لە پێکهاتەی عارەبی کەرکووک ئازاد کردووە، کە لە گرتووخانەی نهێنیی لای یەکێتی گیرابوون.

٢- هەروەها ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیمان کەوتە دەست کە بەشێوەیەکی نەشیاو ئاماژە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

لێرەدا دەمانەوێت ئەمەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە:

١- بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری کەرکوك-گەرمیان قسە دەکەم نەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان. زۆر گرینگە ڕۆڵی حزبەکان دیاری بکرێت و لە دامودەزگاکانی حکوومەت جیا بکرێتەوە و زێدەڕۆیی نەکرێتە سەر بەرپرسیارەتییەکانی حکوومەت.

٢- ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان سنووری کەرکوك -گەرمیان بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەبووینە یەکێتیی نیشتمانی ئەم جۆرە گرتووخانانەی هەیە و، ئاگاداری هەبوونی ئەو گیراوانە لای هێزەکانی سەر بە یەکێتی نەبووینە.

٣- پەیوەندیمان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و، بۆمان دەرکەوت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێئاگایە لە گرتووخانە نهێنییەکانی یەکێتیی نیشتمانی و، هیچ یەکێک لەو گیراوانە ڕادەستی دامەزراوەی دادوەریی هەرێم نەکراوە.

واتە، دادگە بێئاگایە لە گرتنی ئەم گیراوانە و ئەم چەند ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی لە گرتووخانەی نهێنیدا ماونەتەوە و، ئەمەش بابەتێکە پێویستە لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە لێی بەرپرسیارن و، ناکرێت کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەوە بکرێت کە حزبێک لە سەرووی یاسا و لە سەرووی دەزگا دادوەرییە فەرمییەکانی هەرێم بێت. هەروەها نابێت هیچ حزبێک گرتووخانەی نهێنیی هەبێت و بەبێ ڕێکاری دادوەریی ڕوون و فەرمی هاووڵاتییانیان تێدا زیندانی بکرێن.

٤- سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان. پارتی هەمیشە داوای گفتوگۆ و گرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنیی کردووە بەمەبەستی نزیک کردنەوەی دید و بۆچوونی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کەرکووک. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری کەرکوك - گەرمیان بەهیچ شێوەیەک لە هەبوونی ئەم جۆرە گیراوانەو ھەبوونی گرتوخانەی نھینی تایبەت بە یەکێتیی نیشتمانی ئاگادار نەبووە ، وەگەڕانەوەی ئەو خەڵکە کە بەبێ فەرمانی دادگا گیرابوون بۆ ناو کەسوکاریان بەر لە چەژنی ڕەمەزان بابەتێکی گرینگە ، وە زۆر گرینگە ئەو گرتووخانە نهێنییانە دابخرێن و ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری گرتنی ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

٥- پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری دەدات لەو هەڵمەتە مەبەستدارانەی ڕاگەیاندن بۆ ناوزڕاندنی کورد و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بوختانکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە کاتێکدا کە عێراق و تەواوی ناوچەکە بە قۆناخ و دووڕیانی سیاسیی زۆر مەترسیدار و هەستیاردا تێپەڕ دەبن، ئەم پرۆسانەی ناشرینكردن و لەكەداركردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و بێ بنەما و نادروست لە ڕاگەیاندندا دەبنە مایەی گرژی و لێکەوتەی وەها کە ئەنجامیان باش نییە. داواش لە گشت دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ئەوپەڕی وردبینی لەو هەواڵانەدا بکەن کە بڵاو دەبنەوە، لەبەر ئەوەی هەواڵی ناڕاست و بانگەشەی نەرێنیی ڕاگەیاندن کە بانگەواز بۆ ڕق و جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک دەکەن دەبنە مایەی ناکۆکیی کۆمەڵگەیی و ململانێ لە کاتێکدا کە ئێمە بەجددی کار بۆ خۆ لادان لەو ململانێیانە لەنێوان پێکهاتە و ڕۆڵەکانی کەرکووکدا دەکەین.
Top