لیزا کاکەیی: پێداگریی مەسرور بارزانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی هیوای بۆ هەموو دژە گەندەڵییەک گەڕاندەوە
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند کە دڵنیاییدان و پێداگریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، هیوای بۆ هەموو چاکسازیخواز و دژە گەندەڵییەک گەڕاندەوە.
ئەمەش دەقی نووسینەکەی لیزا فەلەکەدین کاکەییە:
جەژنانەی برا گەورە
(بەردەوام دەبین)
لە میانەی وتاری تایبەت بە تێپەربوونی ۱٠٠ رۆژ کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرواری 7/12/2019 بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند کە "خواستی یەکەممان ڕووبەڕووبونەوەی گەندڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە". ئەوکات چەندین لێکدانەوە و بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو گوتارە هەبوو، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی کۆتایی پێهات و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. دوای چەندین کۆبوونەوەی لیژنە تایبەتمەندەکانی نێو پەرلەمان و ئەنجامدانی سێ دانیشتنی پەرلەمانی، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران یاسای چاکسازی لە 16/1/2020 هاتە پەسەند کردن.
لە پەیامەکەی ئەمجارەشدا کە بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بڵاویکردەوە، بەرێز مەسرور بارزانی بە روون و رەوانی رایگەیاند: "چاکسازی خواستی گەلە و نابێت هیچ کەس و لایەنێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات، ئەگەر بەتەنها خودی خۆشم مابم، ئەو پرۆژەیاسایە دەخەمە بواری جێبەجێ کردنەوە و دەست بەرداری خواستی گەل نابم“. ئەم دڵنیایی و پێداگرییەی برا گەورە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی سەرلەنوێ شەوقی ئومێد و هیوای بۆ گەڕاندەوە و هێزی بەخشی بە ئیرادەی هەموو چاکسازیخواز و دژە گەندەڵێک. بەڵێ بوونی قەیرانی دارایی و ژاوەژاوی هەندێک لایەن ڕێگر نابن لە پلانەکانی چاکسازی تا گەیشتن بە خاڵی ئامانج لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان ...
لیزا فەلەکەدین کاکەیی
ئەندام لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
