رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هیومان رایتس وۆچ له دوایین راپۆرتییدا پشت بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەی باوەڕ پێنەکراو بەستووە
رۆژی 19/5/2020 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بە ناوی (دەسەڵاتی کوردی پەنا بۆ داپڵۆسینی خۆپیشاندانەکان دەبات) تێیدا باس لەو خۆپیشاندانە دەکات کە رۆژی 16/5/2020 لە شاری دهۆک ئەنجامدرا.
لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: سەبارەت بە دوایین راپۆرتیان ئاشکرایە کە بە شێوەیەکی گشتگیر و بە ئەنقەست نووسراوە و ئەمەش لە شێوەی نووسینی راپۆرتەکە و مانشێتەکەیدا بە ئاشکرا دیارە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستە روو کە هیومان رایتس وۆچ داوای هیچ وردەکارییەکی نەکردووه له حکومەتی هەرێم دەربارەی خۆپیشاندانەکه، هەروەها لە راپۆرتەکەدا پشتی بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەی باوەڕ پێنەکراو بەستووە، بۆیە ناکرێ حکومەتێک تۆمەتبار بکرێت بە پشت بەستن بە سەرچاوەی نادیار.
سەبارەت بە هەماهەنگییان لەگەڵ رێکخراوی ناوبراو، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێم بریتییە لە هەماهەنگی و هاوکاری کردن لە بابەتی پێدان و ئاڵۆگۆڕی زانیاری، لەم رووەوە لە ماوەی رابردودا ئاسانکاری تەواو بۆ رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ کراوە لە هەرێمی کوردستان، هەمیشەش وەڵامی تێبیینی و سەرنجەکانمان داوەتەوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زياتر وتی: راپۆرتەکانی رێکخراوی ناوبراو بێلایەن نین، سیاسین و لە رێگای راپۆرتەکانیان نیازی ئەوەیان هەیە راستیەکان بشێوێنێن و هەوڵی ناوزڕاندن بدەن. لەم راپۆرتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چەند شوێنێک بەراورد دەکات کە بە هیچ شێوەیەک هاوکارییان ناکەن و تەنانەت رێگای کارکردنیشیان پێ نادەن.
رێکخەری راسپاردە نێودەڵەتییەکان سەبارەت بە راپۆرتەکە زیاتر وتی: هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات کە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە کوردستان سووککراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی داناوە و پێویستە هاووڵاتیان پێوەی پابەند بن، بەڵام ئەو کەسانەی کە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و بە تەحەداوە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی گردبوونەوەکە لە کاتێکدا هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە. لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەیان حاڵەتی تووشبوون به ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنراوە. هەروەها لە ماوەی دوو مانگی رابردوو لە ئەنجامی رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کەس دەستگیر کراون کە کۆبوونەوە و گردبوونەوەی پێچەوانەی رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدابوو و بەپێی یاسا سزا دراون.
سەبارەت بە داوا رەواکانی خۆپیشاندەران رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: ئامانجی حکومەتی هەرێمی دابینکردنی خزمەتگۆزاری بۆ هاووڵاتیان و موچەخۆران، بەڵام ئەو بارودۆخەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاتۆتە ئاراوە، قەیرانێکی نێودەوڵەتیی درووستکردووە کە ئێستا هەموو جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت و تایبەت نییە بە شوێنێکی دیاریکراو.
