راگەیەندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

راگەیەندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئاگاداری دەستگیركردن و رادەستكردنی ئەو 176 تۆمەتبارە تیرۆریستە نین كە لە سلێمانییەوە رادەستی كەركووك كراون.

وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە راگەیاندنەكانەوە هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە سەبارەت بە رادەستكردنی 176 تۆمەتباری تیرۆریست لە سلێمانییەوە بۆ كەركووك، هەروەها لێرەو و لەوێ هەندێك لێدوان بڵاو دەكرێنەوە، گوایە ئەم چەندە بە هەماهەنگی و ئاگاداری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

دەشڵێ "لێرەوە بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و رای گشتی رادەگەیەنین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نە لە كاتی گرتن و نە لە كاتی رادەستكردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە ئاگادار نەبووە. بابەتی هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان ڕێكار و میكانیزمی خۆی هەیە، كە لەلایەن حكوومەتی هەریمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی بە یاسا و ڕێنمایی ڕێكخراون و بابەتی رادەستكردنەوەی ئەم تۆمەتبارانە بەدەر لەم میكانیزمانە ئەنجام دراوە".











باسنيوز


Top