بەهۆی ئاشکرانەکردنی داهاتی سلێمانییەوە ڕەنگە لێژنەی تایبەت بە لامەرکەزیی سلێمانی هەڵبوەشێتەوە
به‌پێی زانیارییەکان، لایه‌نه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی داوایان له ئه‌ندامانی خۆیان كردووه لە نێو لێژنه‌ی لامەرکەزی، به‌بێ زانینی ته‌واوی داهاتی سلێمانی، واژۆ لەسەر پڕۆژەی لامەرکەزی نەکەن و شارەکە نەخەنە بەردەم مەترسییەکی گەورەتر لە داهاتوودا.
لەمبارەیەوە شاڵاو عومه‌ر، جێگری بەرپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كاتێك ئه‌و لێژنه‌یه دێته لای ئێمه بۆ بیروڕا گۆڕینەوە، یه‌كه‌م شت داوای داهاتی راست و دروستی سلێمانی ده‌كه‌ین، دەپرسین چەندە؟ ئایا سلێمانی داهاتەکەی هێندە هەیە کە بتوانێت خۆی پێ بەڕێوە ببات؟“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئه‌گه‌ر نه‌زانرێت داهاتی ئه‌م شاره بە تەواوی چه‌نده، هیچ حزبێك ئاماده نییه ده‌نگی پێ بدات. جگە لەوەی نابێت پڕۆژەیاسای لامەرکەزی بە باڵای حزبێکدا بدوورێت“.
هاوکات كه‌ریم عه‌لی، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "ده‌بێت لێژنه‌ی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای لامەرکەزیی سلێمانی، بۆی روون ببێته‌وه کە داهاتی پارێزگاکە چه‌نده؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ی له سلێمانییه، بزانین سلێمانی له‌و روانگه‌وه به‌ره‌و کوێ دەڕوات؟ ده‌بێت داهاتی ئه‌م شاره‌كه ئاشكرا بكرێت، ئینجا پرۆژه‌كه بدرێته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".
ڕوونیشی کردەوە کە داهاتی سلێمانی تەنیا بە ژمارەیەک نابێت، بەڵکوو ”دەبێت لێژنەکە راپۆرتی تەواو لەسەر داهاتی سەرجەم سێکتەرەکان لە سلێمانی بزانێت، بۆ نموونە (فرۆكه‌خانه، ئیدارە، پۆلیس و بوارەکانی دیکە) داهاتیان چەندە“.
هۆشداریشی دا کە ئەگەر داهاتەکەیان بۆ ئاشکرا نەبێت، ”ئەوکاتە ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت“.
هەر لەمبارەیەوە زیاد كاكه‌ڕه‌زا، سه‌رۆكی فراکسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "نه ئەنجوومەنی پارێزگا و نه‌هیچ لایه‌ك نازانن داهاتی سلێمانی چەندە، له تازه‌ترین لێدوانی‌دا پارێزگاری سلێمانی قسه‌ی كردووه و ده‌ڵێت (ئه‌وه‌ی ده‌یزانین هه‌موو داهاته‌كه نییه)، واته پارێزگاری سلێمانیش نازانێت داهاتی سلێمانی چەندە، لە کاتێکدا ده‌بێت داهات بكرێته بنه‌ما بۆ دارشتنه‌وه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌ت".
بە دووریشی زانی ئەندامانی لێژنەی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای لامەرکەزی، دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن، تا ئەو کاتەی بە دیاریکراوی دەزانن داهاتی پارێزگاکە چەندە. گوتیشی: ”داهات ئاشکرا نەکرێت، كاری لێژنه‌كه دەگاتە بنبه‌ست و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، واته هیچمان نه‌كردووه و ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت، ئەگەرێکی به‌هێزه لێژنه‌كه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
لە لایەن خۆیەوە سه‌عید مسته‌فا ته‌ته‌رخان، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ده‌ستپاكی له په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند: ”لە کۆی گشتیی داهاتەکانی سلێمانیدا، ١٥٪ی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، ئەویش پاش فشارێکی زۆری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، چونکە پێشتر کەمتر لە ٥٪ی داهاتەکە بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێندرایەوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لێکۆڵینەوەیەک کراوە، لە کۆمپانیایەکی پشکنین لە مەرزی باشماخ، لە کاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ ١٢ی نیوەڕۆ، ٣٤ ملیۆن دینار داهاتی ئەو خاڵەی پشکنین بووە، ”ئەم داهاتە تەنیا بۆ ٤ کاتژمێر، ئەگەر وادابنێین لە ڕۆژێکدا ١٦ کاتژمێر کار دەکرێت، لە مانگێکدا داهاتی تەنیا ئەو خاڵە ٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار دەبێت“.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ داهاتی سلێمانی چی بەسەر دێت؟ مەردان خدر، ئەندامی پێشووی پەرلەمان کە لە لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکانی داهاتی سلێمانیدا کاری کردووە، بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: ”بەشێکی کەمی داهاتی سلێمانی بۆ حکوومەت دەگەڕێندرێتەوە، بەشە گەورەکەی بە ئێستاشەوە دەچێتە گیرفانی چەند کەسێک“. گوتیشی: ”چاکسازییەکانی حکوومەت لە مەرزەکان، کێشەی بۆ ئەو داهاتە دروست کردووە کە دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکەوە، بۆیە ئێستا لە ڕێگەی لامەرکەزییەوە هەوڵدەدەن درێژە بە بردنی داهاتەکە بدەن“.
باس‌نیوز
