ڕێبوار تاڵەبانی: لە نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزە عێراقییەکانی کەرکووک ڕێککەوتنێک هەیە

ڕێبوار تاڵەبانی: لە نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزە عێراقییەکانی کەرکووک ڕێککەوتنێک هەیە
دۆخی شاری كەركووك ڕوژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت و تیرۆریستانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش ڕای دەگەنێت لە کەرکووک دەستێك هەیە دەیەوێت هاوكاریی تیرۆرستانی داعش بكات.

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: "دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی كەركووك بەرەو خراپی دەچێت و پێویستە پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا كار بكەن بۆ ئەوەی چیتر دۆخی شاری كەركووك بەم شێوەیە نەبێ، ئێمە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چەندین جار یاداشتمان داوە بە سەركۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، پێمان ڕاگەیاندوون كە دۆخی كەركووك چارەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام بووە.

ڕاشی گەیاند: "پێویستە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ڕۆڵیان هەبێت، دۆخی ئێستای ناوچە كوردستانییەكان پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كورد هەڵوێستێكی تازە لە هەمبەر ئەو ناوچانە وەربگرێت، چونكە حكوومەتی عێراق لە دوای ئازادیش هیچ نەگۆڕاوە و هەمان بۆچۆوونی پێش ئازادیی عێراقیان هەیە و نیەتیان نییە سیاسەتیان بگۆڕن".

ڕێبوار تاڵەبانی ڕوونیشی كردەوە: "دیارە دەستێك هەیە و دەیەوێت هاوكاریی تیرۆریستانی داعش كەركوك بکات و نە دەهێڵن ئێمە ئەو شوێنانە كۆنترۆڵ بكەینەوە بۆ ئەوەی خەڵك بە ئارامی بژێت و نە خۆشیان دەیكەن و ئەمەش وا دەردەخات دیارە ڕێککەوتنێیک لە نێوان تیرۆرستانی داعش و ئەو هێزانەی كە ئیدارەی عێراق دەكەن هەیە، پێویستە چارەنووسی ئەو شوێنانە یەكلایی بكرێتەوە، یان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە بكرێتەوە، یاخود عێراق دەبێت لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی كورد لەم ناوچانە بەرپرسیارێتیی هەڵبگرێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی هەڵوێستەكانی ئەرشەد ساڵحی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری كەركوك، گوتی: "ئەرشەد ساڵحی مافی ئەوەی نییە قسە بكات و بازار و شوێنە كوردییەكان بە بیانووی یاسا دابخات، لەوێ‌ حكوومەت هەیە ودەتوانێ‌ كاری خۆی بكات، هەڵویستەكانی ئەرشەد ساڵحی پەیامێكە بۆ حزبە كوردستانییەكان لە كەركووك و دەبوو ئەوانیش هەوڵوێستیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە لەم كاتەی کە پێویستمان بە هەڵوێستی حزبە كوردستانییەكانە بێدەنگن و لەم كاتەدا پێویست ناكات كۆبوونەوە بکەن و هیچ ئەنجامی نبێت، بەڵکوو پیویستە حزبە كوردستانییەكان بەرانبەر ئەو كارانەی ئەرشەد ساڵحی دژ بە گەڕەكە كوردییەكانی كەركووك دەیكات، وەڵامی بدەنەوە".

لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، پێشتر شێرکۆ کرمانج، ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ لە ئوسترالیا، لە وتارێکدا بە ناونیشانی (کاکی شەکرشکێن) کە بۆ سەرکەوت شەمسەدین نووسیبووی: ”تۆ نوێنەری کوردیت لە بەغدا، ئەگەر منیش وانەڵێم ئەوە ئەو تەلەفزیۆن‌ و دەزگایەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردویت وای ناساندویت، ئەی بۆ داوای مافی خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان ناکەیت کە تەعریب بە خەستی گەڕاوەتەوە ناوچەکانیان. بۆ داوای مافی ئەو جوتیارە کورد‌و تورکمانانە ناکەیت کە ڕۆژانە هەڕەشەی تەعریب‌و دەرکردنیان لەسەرەو دەغڵ‌و دانەکانیان دەسوتێنرێن؟“.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، تاقمێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێککەوتن لەگەڵ میلیشیا و هێزەکانی عێراق، کەرکووک و ناوچەیەکی فراوانی باشووری کوردستانیان ڕادەست کرد و بەم هۆیەوە تاوەکوو ئەمڕۆ سیاسەتێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە کەرکووک پیادە دەکرێت.










باسنیوز



Top