جارێکی دیکە ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندێکی مەخموور بەردرا
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی مەخموورەوە دەستی کەوتووە، کەمێک پێش ئێستا جارێکی دیکە ئاگر لە پووش و پاوان و دەغڵودانی گوندی (ئازیکەند) لە نێوان قەزای مەخموور و ناحیەی قەراجی سەر بەو قەزایە بەردراوە.
جووتیارانی گوندەکە داوای هاوکاریی بەپەلە لە خەڵکی سنووری مەخموور دەکەن و داوا دەکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ڕێگەگرتن لە سووتانی تەواوی دەغڵودانیان، هاوکارییان بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردووش ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی گوندی (ئازیکەند) بەردرا و دوای هەوڵێکی زۆری خەڵکەکە، تواندرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی تاقمێکی نێو یەکێتی و رادەستکردنی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان بە هێزەکانی عێراق، لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبی ناوچەکانی کوردستاندا هەموو ساڵێک لە وەرزی دروێنەدا دەغڵودانی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەسووتێندرێت.
باسنیوز
