كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان داوای سنوردارکردنی ئەو هێزە چەکدارانە دەکات کە بەردەوامن لە نانەوەی توندوتیژی تایەفی لە عێراقدا
كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان (USCIRF) لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەبارەی رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان بۆ ساڵی 2019 بڵاو كردەوە، لەم راپۆرتەدا تیشك خراوەتە سەر چەند وڵاتێك كە پێشێلكاریی ئایینییان تێدا ئەنجامدراوە. کۆمیتەی ناوبراو سەبارەت بە عێراق ڕاگەیاند کە تەنها نزیکەی 30-50 لەسەدی کلدانی، ئاشوری، و مەسیحیەکانی دیکە گەڕاونەتەوە ناو کۆمەڵگەکانی خۆیان پاش ڕووخانی داعش لە کۆتایی 2017، زۆربەیان لە شوێنی پارێزراودا بوون لە هەولێر وناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەک بەشێک لە پەیوەندییە دووقۆڵیە زۆر گرنگەکان، كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان داوا دەکات فشار بخرێتە سەر عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی کە خۆی دای ڕشتوە بۆ سنوردارکردن یان کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ئەو قەوارانەی کە بەردەوامن لە نانەوەی توندوتیژی تایەفی، ئاستەنگ درووست دەکەن بۆ گەڕانەوە و بووژاندنەوەی ناوچەی ئێزیدیەکان و مەسیحیەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان.
د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بە راپۆرتی كۆمیسیۆنی ناوبراو كرد و وتی: سەبارەت بە رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان، راپۆرتی ناوبراو ئاماژەی بە رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لە پێشوازی كردن و حەواندنەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كە بەشی هەرە زۆریان لە پێكهاتە ئایینیەكان بوون و هەرێمییان بە نەوایەكی ئارام و نموونەیی زانیوە كە تیێدا بتوانن بە ئازادی ژیان بەسەر بەرن.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی روون كردەوە كە راپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر بوونی چەند هێزێك لە ناوچە جێناكۆكەكان و لەم بارەیەوە وتی: لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان نەیاتتوانیوە بگەڕێنەوە، چەندین جار داوامان كردووە كە پێویستە ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی شنگال لە ململانێی نێودەوڵەتی دوور بخرێنەوە. هەروەها ئەو هێزەچەکداریانەی کە لە خەڵکی ناوچەکە پێکنەهاتوون دەسەڵاتیان نەمێنێت و دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی سیمای عەسكەرتاری لە ناوچەكە بنبڕ بكرێت، ئەمەش بە گەڕانەوەی دام ودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكانی شەنگال دەبێت بۆ دەست پێكردنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان كارەكانیان لە هەمان کاتدا خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵكی ئەو شارە و دەورووبەری دابین بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو كە نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووستکردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان وكاریگەرییەكی زۆری بەسەرهاووڵاتییانی شنگال هەیە لە هەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ نەگەڕانەوەی زۆربەی ئێزیدییەكان بۆ سەر زێدی خۆیان.
شایەنی باسە كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان (USCIRF) كۆمسیۆنێكی سەربەخۆیە لەلایەن كۆنگریسی ئەمریكییە دامەزراوە، بەمەبەستی دەستنیشان كردن و شیكردنەوەی هەر هەڕەشەیەك كە لە دەرەوەی ئەمریكا لەسەر پێكهاتە ئایینییەكان هەبێت، دواتر راسپاردەكانی بەرز دەكاتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست و رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە چەوسانەوەیەكی ئایینی بە مەبەستی پتەوكردنی ئازادیی بیروباوەڕی ئایینی لە جیهان.
